کوردستان میدیا: لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر بنکەیەکی نیزامی لە کەرکووک، پەیمانکارێکی ئامریکایی کوژرا و چەند کەسی تریش بریندار بوون.
ڕۆژی هەینی، ٦ی بەفرانبار، بنکەیەکی نیزامیی ئامریکا بە ناوی "کەی-١"، لە نزیکیی کەرکووک، بوو بە ئامانجی هێرشی کاتیۆشا و پەیمانکارێکی ئامریکایی گیانی لەدەست دا.
لەو پایەگایەدا کە لە نزیکیی کەرکووکدایە، هێزەکانی ئامریکا و دژە تێرۆرەکانی عێراق جێگیرن.
بەرپرسانی ئامریکایی لەو باوەڕەدان کە ئەو هێرشانە لەلایەن ئێرانەوە و بەدەستی هێزە میلیشیا چەکدارەکانی لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە.
تاکوو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەیان بە ئەستۆ نەگرتووە.
بەرپرسێکی پلە باڵای "پێنتاگۆن" کە نەیویستووە شوناسی ئاشکرا ببێت، وتوویەتی کە کەمێک پاش ئەو هێرشە، یەک دەزگا سیستەمی مووشەکهاوێژی چەندمووشەکیی کاتیۆشا کە لە نزیکیی شوێنی ناوبردوو جێ مابووە، لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی، نزیکەی ١١ تا ١٤ دانە مووشەک هاویشتراوەتە سەر ئەو پایەگایە.
پێشتریش ئامریکا سەبارەت بە چالاکییەکانی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هۆشداریی دابوو و ڕایگەیاندبوو، میلیشیا چەکدارە شیعەکان لە پێناو نائارامکردنی عێراقدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن.