کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیمانی دووهەمی "سەعدئاباد" واژۆ کرا

12:00 - 13 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی تورکیە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی پەیمانی "سەعدئاباد"، کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتییان له بینای پارێزگای "ئیغدر"دا بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای "ئیغدر"ی تورکیەدا، لەبارەی ئەمنییەتی سنوورەکانەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی تورکیە کۆ بوونەتەوە.

"ئەنوەر ئونلوو"، پارێزگاری ئیغدەر، دوای کۆبوونەوەکە باسی لەوە کردووە: "لەبارەی ئەمنییەتی سنوورەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیه و ئێرانەوە، هەوڵی جیددی لە ئارادایە".

لەو کۆبوونەوەیەدا، پاسداری تێرۆریست "شێرزاد حاجیزادە"، وەک سەرپەرەستی شاندی ڕێژیمی ئێران، بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە: ''بڕیاری پاراستنی هاوبەشی سنوورەکانی هەر دوو وڵات بە ڕۆژ و شەو، کراوەتە پرۆتۆکۆڵ".

پەیمانی "سەعدئاباد"، ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی، لە نێوان ئێران، عێراق، تورکیه و ئەفغانستان هاتە ئاراوە. دەوڵەتانی ئەندام لەم پەیمانەدا بەڵێنییان دا کە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی یەکتردا نەکەن، ڕێز لە سنوورەکانی یەکتر بگرن، لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر یەکتر خۆ ببوێرن و ڕێگە لە دروستبوونی هەر کۆمەڵە و گرووپبەندییەک بگرن کە ئامانجی تێکدانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتانی دراوسێ و هاوپەیمان بێت.

بەپێی بەندی ٧ی ئەو پەیمانە، دەوڵەتانی ئەندام بەڵینییان دا کە لەسەر سنوورەکانی خۆیان ڕێگە بە دروستبوون یان ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی گرووپە چەکدارەکان، نەدەن.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پەیمانە، دژایەتیی بزووتنەوە سیاسی و نیزامییەکانی کورد بوو کە ئەو کاتە ناوە ناوە لە هەر سێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکیه چالاکییان دەکرد.