کوردستان میدیا

دووشەممه 13ی گەلاوێژ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پەیمان" لەگەڵ ڕێبازی کۆمار پەیمانی نوێ کردەوە

17:02 - 23 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: خوشکە "پەیمان" هاوسەری شەهید "شەهاب حەیدەری" و دایکی کۆماری پێشمەرگە، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

شکور دیسان سەرماوەزە و هەناسەی گەرم و بەتینی کوردایەتی و ئازایەتی بە بۆن و بەرامەی دڵڕفێن و دڵگەشێنی شەنگە گوڵی پێشمەرگەوە یاڵەویاڵ و دونداودوندی شاخ و داخی کوردستانی گرتووەتەوە.

شکور ئەمساڵ زۆر جیاوازتر لە ڕابردوو چیا سەریان لە تەشقەڵانی ئاسمانی بوون وەردێنن، چون دەزانن شاری دلێر، شاری سەرمەست، بە ئەوینی شاخانەوە، دەستنوێژی بە خوێن هەڵگرت و هاواری بەرز کردەوە و بەرەو ئاسۆی زۆڵاڵی شیرین تیرێژدا ڕێی سەربەستیی گرتووەتە بەر.

شکور ئەوجار تیشکی هەتاوی ئازادی هێندە بە تینە، هێندە بە قینە، جەرگی ڕەشی سەهۆڵبەندانی چل ساڵەی داسەپاوی جەور و ستەم و بێدادی بە ڕمبی برژانگ دەکۆڵێت و مزگێنیی نۆبەهارێکی کەیلی ئەوین و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی قارەمان بە هۆرە و بەیت و بالۆرە، بە حەیران و بە مەقام دەچڕێت.

بۆیە منیش لەو ڕۆژە زۆر پیرۆزەدا لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گیانی شەهیدان، جەنگاوەران و شۆڕە سوارانی ڕێبازی پێشەوای نەمر، دایک و باب و کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە نیشتمانی خۆم دەکەم.

ڕوو دەکەمە کۆمارە جگەرگۆشەکەم و دەڵێم: ڕۆڵەم!

شیری خۆمت حەڵاڵ دەکەم ئەگەر هەتا وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان و باوکی شەهیدی گۆڕغەریبت لە ڕێبازی ئەوان لانەدەیت. دەبێ چەکی شەهاب هەروا بقاسپێنێت لەنێو سەنگەر و بەسەر تاریکپەرستاندا بگرمێنێت.