کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەهاباد، پەیمان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەنەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ ٩ی خاکەلێوە، خاکیپۆشانی مەتەرێزی شار، لە مەهاباد، بە سەردانی گڵکۆی پیرۆزی ڕێبەرانی مەزنی کورد، شەهیدان: "پێشەوا قازی محەممەد، سەیف و سەدری قازی"، پەیمان لەگەڵ ڕێبازی پڕسەروەری شەهیدانی کوردستان، بە تایبەت شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە، نوێ دەکەنەوە و یادی ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.
هەروەها شەوی ٨ لەسەر ٩ی خاکەلێوەش، شۆڕشگێڕانی دێموکرات لە مەهاباد، چالاکی بەرینی تەبلیغییان بە بۆنەی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، لە چەند شوێنی شاری مەهاباد، بە نووسینی دروشمی "١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدان ـ بەرز و پیرۆز بێ" لە سەر دیوار و پلاکارد، بەڕێوە بردووە.
ئەو شوێنانەی چالاکییان تێدا کراوە، بریتین لە: "پردی قانع"، "پردی ئیسماعیل ئاغا"، "پردی پشت بازاڕچەی نوور"، "سێڕێیانی مەهاباد-بۆکان"، "دووکانەکانی سەر سێڕێیانی مەهاباد-بۆکان".
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕێبوارانی ڕێگای پێشەوا لە شاری بانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خاکەلێوە، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بە بۆنەی یادکردنەوەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لەو شارەدا بەڕێوە برد و بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە و هەروەها گوڵی سوور، ڕێزیان لەو ڕۆژە گرت.
ئەو شوێنانەی شاری بانە کە چالاکییان تێدا بەڕێوە چووە بریتی بوون لە: "کەمەربەندی ١و ٢"، "دەوروبەری سێڕێیانی بۆیەن"، "بلواری مەرزبانان"، "جادەی ئەحمەدئاوا"، "گەڕەکی شەقامی ئینقلاب"، "گەڕەکی ئاربابا"، "بلواری سەردەشت"، "بنی ڕەزان" و " شارەکی بەهاران".