کوردستان میدیا

هەینی 27ی خاکەلێوه 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەندییەکانی تورکیه لەگەڵ ئامریکا و کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران

12:09 - 8 رەشەمه 2720

سەلام سەدیقی

دوای شەڕی جیهانیی دووهەم ئەم سێ فاکتەرەی خوارەوە بووە هۆی ئەوەی کە ئامریکا زیاتر گرینگی بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات.

١-نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
۲-کێشەی فەلەستین.
۳-کاریگەریی سۆڤیەت (پێشتر) لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

بەپێی سێ فاکتەری سەرەوە ، پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی تورکیە لەگەڵ ئامریکا و جیهانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئامریکا ، لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووهەمەوە دەستی پێکرد لە بەرامبەر هەوڵدانی سۆڤیەت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لە تورکیە، هەروەها ڕێوشوێن گیراوەتە بەر بۆ ڕێگەگرتن لەو هەنگاوە و یارمەتیدانی تورکیە لە ژێر پلانی «ترومان» لە ساڵی ١٩٧٤دا .

تورکیە جگە لە بەهێزکردنی باری ئابووری بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و پەسەندکردنی ئەندامیەتیی ناتۆ، هەوڵیدا پێگەی سەربازی سیاسی خۆی لە بەرابر یەکیەتیی سۆڤیەت بەهێزتر بکات .

 هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا وەک داگیرکردنی قوبریس لەلایەن تورکیەوە، ئەم پەیوەندیانە سارد و سڕ بوون و کۆنگرێسی ئامریکا، گەمارۆی چەکی بەسەر تورکیەدا سه‌پاند، بەڵام بەهۆی شۆڕشی گەڵانی ئێران و لەدەستدانی ناوەندە هه‌واڵگرییه‌کانی ئامریکا لە دژی یەکیەتیی سۆڤیەت لە ئێران، سەرنجی ئامریکا بۆ تورکیە لەکاتێکدا کە نزیکترین دراوسێی یەکیەتیی سۆڤیەت بوو زیاتر دەبێت. ساڵی ۱۳۵۹ دوای ئالۆزی نێوان واشنتن و مۆسکۆ و هەروەها سەرنج دان بە ناوچەی کەنداو ، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئامریکا بەنیاز بوون لە تورکیە وەک بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەڵک وەرگڕن، کە لە راستای ئەم سیاسەتەدا لە ئیمزاکردنی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ تورکیە بۆ بەکارهێنانی یەکە سەربازییەکانی سەرکەوتوو بوو. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە سەربازییە، وردە وردە جۆرە پێداویستی سەربازی پێشکەوتوو و یارمەتییەکی یەکجار زۆری ئابووری بەرچاو لەلایەن ئامریکا و هەندێک لە ئەندامانی ناتۆوە پێشکەش بە تورکیە کرا.

بە دوای ئەم یارمەتیەیدا تورکیە فڕۆکەخانە و بنکەی سەربازی و زۆر شتی دیکەشی پەرە پێدا . پێموایە کە ئیران یارمەتیدانی تورکیە لەلایه‌ن ئامریکا وە لە هەموو حالەتێکدا بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت و زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە تەمەنی نگریسی خۆی هەر بە نیگەرانی روانیویتە ئەو پرۆسەیە.

دەبێت ئەو ڕاستیه‌ش بزانین کە هەم تورکیە و هەم ئامریکا گرینگی تایبەتی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر دەدەن کە ئەوەش لە ڕوانگەی ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی جێگای خۆشحاڵی نییە . بەڵام لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە خالێک بکەین کە ئاستەنگه لە بەردەم گەشەکردنی زیاتری پەیوەندییە سەربازییەکانی به‌ردەم تورکیە و ئامریکا ئەویش ئەوەیە لە ئیستا دا کە به‌رنامه‌كانی ئامریکا لە ناوچەکەدا و بە تایبەت عێراق کە بووە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی لە وڵاتەکەدا و لە بەرامبەردا پێکهێنانی هەرێمێکی نیمچه‌ سەربەخۆی کوردی بە دەستهەلاتی فراوانەوە لە كوردستانی باشوور، کۆسپی سەرەکی بەردەم پەرەسەندنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە ئێستادا، بە لەبەر چاوگرتنی ئاسایشی تورکیە لەم هەرێمەدا و هەبوونی زیاتر لە سێزدە پارێزگای کوردی لە نێو خۆی تورکیە و هاوسنور بوون لەگەڵ باشوری کوردستان به قسەی دەوڵەتی تورکیه‌، جێگای مەترسی و ناکرێت وا بە ئاسانی چاو پۆشی لێ بکرێت، هەر ئەو ڕوانگەیەش بۆچونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیشە بۆ دژایەتی کورد.
ئەگینا هەر ئەوەندە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی تورکیەیەکی بەهێزە لە هەموو بوارەکان و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت ، بگرە زیاتریش دژی بەهێز بوونی هەرێمی کوردستانیشە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.