کوردستان میدیا: پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی "محەمەدساڵح قادری"، چەندین دیدار و كۆبوونەوەی ئەنجام دا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی جۆزەردان، لە نێوان شاندی پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموكرات بە سەرپەرستیی "محەمەدساڵح قادری"، لەگەڵ هەر كام لە "فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی كوردەكانی سۆڤیەتی پێشوو"، بە سەرپەرستیی پڕۆفیسۆر "كنیاز ئیبراهیم" و "نەبیۆڤ یوری شامیلۆڤیچ"، سەرۆكی كۆمەڵەی هاوكاری بۆ گەلی كورد و سەرنووسەری ڕۆژنامەی "رێیا تازە"، "كەندال نەزان"، سەرۆكی ئەنیستیتۆی كورد لە فەرانسە، "كەیا ئیزۆل"، سەرۆكی فێدراسیۆنی كورد لە سوئید و كۆمەڵێک كەسایەتیی سیاسی و ڕووناكبیر، چەندین كۆبوونەوە و دیدار ئەنجام درا.
لەم دیدارانەدا، جەخت لەسەر گرنگیی پەیوەندی و هاوكاریی نێوانیان لەگەڵ حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەم قۆناغەدا كرایەوە.
هەروەها، تایبەتی جەخت لەسەر هاوئاهەنگی بۆ بەرنامەی چالاكیی بەربڵاو بۆ بەرزڕاگرتنی یادی سیهەمین ساڵوەگەڕی تراژێدیای تێرۆركردنی دوكتور قاسملوو لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانەوە، کرایەوە، بۆ ئەوەی كوردی دیاسپۆرا بتوانن لە وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتانی ئورووپایی بە ئەنجامدانی چالاكییەكانیان لەم بارەیەوە، ماهییەتی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەقاو بدەن و شەرمەزاری بكەن.