
لە حاڵێکدا هێندێک ماڵپەڕی هەواڵدەریی نێوخۆی ڕێژیم باسیان لە ڕاگرتنی کشتیی دانانی بۆڕی دەریایی "ئوشینگـ"ـی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ڕووسیەوە کردووە، "جەواد ئەوجی" وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران پەیوەندیی بە بەشێک لە هەواڵنێرانەوە گرتووە و پێی وتوون: "تویتە پەیوەندییدارەکانیان بەو بابەتە بسڕنەوە، چونکە ڕێگە لە ڕەوتی بەدواداچوونی یاسایی بۆ دۆسیەی ئەو بابەتە دەگرن".
هەواڵدەرییەکانیی "میز نەفت و قەرن نۆ"، ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕ بڵاویان کردووەتەوە، ئەو کەشتییە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارییە کە لە پرۆژەی دانانی بۆڕیی "نۆرد ئێستریمی ٢" بەکرێ درابوو بە ڕووسیە، ئێستا لەلایەن ئەو وڵاتەوە لە ئاوەکانی "هولەند"دا ڕاگیراوە.
پرۆژەی هێڵی بۆڕی "نۆرد ئێستریمی ٢" کە بڕیار بوو گازی "ڕووسیە" بە دەریای "باتڵیکـ"ـدا بباتە "ئاڵمان"، لە دوای هێرشی نیزامیی "کرێملین" بۆ سەر "ئۆکراین" دەستی بەسەردا گیراوە.
ڕاگرتنی ئەو کەشتییە لە حاڵێکدایە کە "محەممەدڕەزا زەهیری" بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی دامەزراوەی دەریایی ڕێژیمی ئێران، ١٧ی جۆزەردان وتبووی: "ئەو کەشتییە هەتا هاوین دەگەڕێتەوە ئێران بۆ ئەوەی سەکۆی فازی ١٢ بۆ فازی ١١ی پارسی جنوبی ڕاگوازێت و دوایی بەڕێی دەکەینەوە بۆ ئەو وڵاتانەی گرێبەستی بەکرێدانمان لەگەڵ واژۆ کردوون".