کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنیی کورد خوازیاری ناساندنی شاری سەردەشت وەکوو \"شاری ئاشتی\"ـن

17:30 - 1 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ٢٨ـەمین ساڵیادی شیمیایی سەردەشت، چالاکانی مەدەنیی سەردەشت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خوازیاری ئەوە بوون کە شاری سەردەشت وەک شاری ئاشتی بناسێنرێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چالاکانی مەدەنیی سەردەشت لە بەرەبەری ٢٨ـەمین ساڵیادی شیمیایی ئەم شارە پەیامێکیان بڵاو کردووەتەوە و لەم پەیامەدا خوازیاری ئەوە بوون کە شاری سەردەشت وەک شاری ئاشتی بناسێندرێت.

ئەم چالاکانە لە پەیامەکەدا داوایان لە هاووڵاتییانی کورد کردووە کە سەرەڕای یادکردنەوەی قوربانیانی شیمیابارانی سەردەشت، لەگەڵ ئەوان بۆ ناساندنی شاری سەردەشت وەک شاری ئاشتی هاوهەنگاو و هاودەنگ بن.

شیمیایی شاری سەردەشت کە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە روویدا لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ پاش ئەو هێرشە شیمیاییە، ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.

هەنووکە ٢ هەزار و ٢٠٠ قوربانی شیمیایی لەم شارە دانیشتوون و پێویستییان بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە.

بە وتەی چالاکانی مەدەنی، کاربەدەستان و ناوەندە پەیوەندییدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، نەتەنیا هیچ یارمەتییەک و کارئاسانییەک بۆ قوربانیانی بوردومانی شیمایی سەردەشت ناکەن، بەڵکوو بەربەستی یاسایی و نایاساییش بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، دادەنێن.

زیاتر لە ٨ هەزار بەرکەوتوو و کەم‌ئەندامی شیمیایی‌بارانی شاری سەردەشت هەن و تەنیا ناوی ١٥٠ کەس لەلایەن ناوەندە پەیوەندییدارەکانی رێژیمەوە وەکوو بەرکەوتووی شیمیایی‌تۆمار کراون.