کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی ژینگە پارێزی: هەواڵی رزگاریی کانی بڵ پروپاگەندایەک زیاتر هیچ نییە

20:52 - 21 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: بڵاو کردنەوەی هەواڵی رزگارکردنی کانی بڵ لە لایەن فەرمانداری پاوەوە، پەرچەکرداری توندی سەرپەرەستی گرووپی کاریی کەمپەینی پشتیوانی لە رزگاریی کانی بڵی بەدواوە بوو و ناوبراو وێڕای رەت کردنەوەی ئەو هەواڵە دەڵێت کە رزگارکردنی کانی بڵ بووەتە سووژەی پروپاگەندا بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرپەرەستی گرووپی کاریی کەمپەینی پشتیوانی لە رزگار کردنی کانی بڵ، سەید موختار هاشمی پێداگری کردووەتەوە کە گەڵاڵەی جیاکردنەوەی سەرچاوە و ئاوی کانی بڵ کە لەلایەن بەرپرسانەوە خراوەتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە، ناتوانێت پێش بە لەناو چوونی کانی بڵ بگرێت و بەرپرسانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم لەم گەڵاڵەیە وەک سووژەی تەبلیغاتی کەڵک ‌وەردەگرن.

بەپێی ئەم راپۆرتە، پروپاگەندای فەرمانداری پاوە و کارفەرماکانی بەنداوی داریان و ناوەندە پەیوەندییدارەکانی دیکەی رێژیمی ئێران و بڵاو کردنەوەی دەنگۆی رزگار کردنی کانی بڵ لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە لێکدانەوەکانی خۆدی گرووپی گەڵالەی جیاکردنەوەی سەرچاوە و ئاوی کانی بڵ، مسۆگەریی تێکەڵ‌بوونی ئاوی کانی بڵ و بەنداوی داریان دەردەکەوت.

سەرپەرەستی گرووپی کاری تایبەتی رزگاریی کانی بڵ کە گرووپێکی خەڵکییە، لە دژ کردەوە بە پیرۆزبایی فەرمانداری پاوە سەبارەت بە رزگاریی کانی بڵ، رایگەیاندووە: فەرمانداری پاوە مافی ئەوەی نییە کە دەنگۆی رزگاریی کانی بڵ بڵاو بکاتەوە و پیرۆزبایی ئەم رووداوە بە ئێمە بڵێت، لە حاڵێکدا کە ئەمە دەنگۆیەکی سازکراوی خۆیانە.

سەید موختار هاشمی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە تێکەڵ بوونی ئاوی کانی بڵ و ئاوی بەنداو لە راپۆرتی کۆتایی کارفەرمای گەڵالەی دیاریکراویش هاتووە و جەختی کردەوە کە کەڵک وەرگرتنی فەرمانداری پاوە و کارفەرمای ئەم گەڵاڵەیە لە تاکتیکی پروپاگەندا بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵکییە و تەبلیغاتی میدیاکان لەلایەن فەرماندارەوە وەک مانوڕێکی سووک وەسف کردووە.

بەنداوی داریان، بەنداوێکە کە لەسەر چۆمی سیروان لە نزیکی شاری پاوە لە دەوروبەری گوندی داریان دروست بووە. تاجی بەنداوی داریان لە پارێزگای کرماشان و پاشماوەی ئاوەکەی لە پارێزگای سنەیە. بەرزایی ئەم بەنداوە گڵییە ١٥٥ میترە و بە ئاوگیریی ئەو بەنداوە چەندین گوند و دەیان هێکتار دارستان دەچنە ژێر ئاوەوە.

بەنداوی داریان، ٦ کیلۆمیتر لە خوارەوەی کانی بڵ لەحاڵی دروست کردن دایە. ئاونمای کانی بڵ ٧١٧ میترە و تەرازی بەنداو، ٨٢٦ میتر دەبێت، بەم شێوەیە بە ئاوگیریی بەنداوەکە، کانییەکە دەکەوێتە ژێر ستوونێک لە ئاو بە بەرزایی زیاتر لە سەد میتر.

کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە لەناو چوونی کانی بڵ، پاشهاتی سیاسی – کۆمەڵایەتیی بەرینی لێ دەکەوێتەوە.