کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و کاردانەوەی ڕێژیمی ئێران

11:17 - 25 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا ڕاشکاوانە دەڵێن کە ئامانج لە چالاککردنی ڕێکاری چارەسەریی ناکۆکیی ڕێککەوتننامەی ناوکی، هاندانی ڕێژیمی ئێرانە کە بە بەڵێنییەکانی پێبەند بێت، ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەرداهەڕەشەی لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە کە وڵامێکی جیددی و لێبڕاوانەیان دەداتەوە.

سێ وڵاتی فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاند کە ڕێکاری چارەسەریی ناکۆکیی ڕێککەوتننامەی ناوکیی ئێران چالاک دەکەنەوە.

ئەم سێ وڵاتە لە بەیانییەیەکدا نووسیویانە، سەرپێچییەکانی هەنگاو بە هەنگاوی ڕێژیمی ئێران بە بەڵێنییەکانی ڕێکەوتنی ناوکی، ناسراو بە بەرجام و هەروەها بەهۆی هەوڵەکانی ڕێژیم چارەیەکمان نەماوە، بۆیە مێکانیزمی ماشە وەگەڕ دەخەینەوە.

ئەم سێ وڵاتە لە بەیانییەی هاوبەشی خۆیان وتوویانە: ''ئێمە ئەو بۆچوونانەی کە دەڵێت ڕێژیمی ئێران مافی خۆیەتی بەڵێنییەکانی بە بەرجام کەم بکاتەوە، قەبووڵ ناکەین".

ئەم بەیانییەیە ١٠ ڕۆژ دوای هەڵگرتنی هەنگاوی پێنجەم و کۆتایی بەڵێنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ڕێکەوتننامەی بەرجام، بڵاو کراوەتەوە.

ئەم سێ وڵاتە وتوویانە، هیوادارین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەڵێنییەکانی خۆیەوە پێبەند بێت.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەم بەیانییەیە، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە چالاککردنی ڕێکاری چارەسەریی ناکۆکیی ڕێککەوتننامەی ناوکی لەلایەن ئەم سێ وڵاتەی بە بێ دەسەڵاتی و هەوڵوێستێکی لاواز ناو برد و وتی کە ئێران وڵامێکی جیددی و لێبڕاوانە دەداتەوە.

''دومینیک ڕاب''، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا باسی لە هاوکاری لەگەڵ ئامریکا و شەریکە ئورووپاییەکانیان کرد کە بتوانن بە داهێنانی شتێکی نوێ و بەربڵاوتر، نەتەنیا زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەڵکوو هەوڵە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا چارەسەر بکەن.

ناوبراو، چالاک کردنی ڕێکاری چارەسەریی ناکۆکیی ڕێککەوتننامەی ناوکیی بۆ هاندانی ڕێژیمی ئێران ناو بردووە کە بە بەڵێنییەکانی پێبەند بێت.

بەپێی بەندی ٣٧ی ڕیکەوتنی بەرجام، ئەگەر ئێران ڕێککەوتنی ناوکی پێشێل بکات، گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو کە دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کراون، دیسانەوە وەگەڕ دەخرێنەوە.