کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نزیکبوونەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری ناوداری گەل، دوکتور قاسملوو، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر و نووسینی دروشم، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا ئەنجام دا.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد، لەسەر تابلۆکانی جادەی مەهاباد- نەغەدە و لەسەر ڕێگای گوندەکانی کۆسەکەرێز، خاتوون باغ، بۆزە، ئازاد، قەرەبڵاغ، قەمتەرە و بورهان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو و هەروەها نووسینی دروشمگەلێکی وەک: "قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، "بژی ڕاسان" و "قاسملوو نامرێ"، لە ٣٠هەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و هەروەها بەم بۆنەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیان کرد و لەگەڵ شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
هاوکات، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بۆکان، لە شوێنەکانی وەک: "پارکەکانی ساحیلی، شاخەڕەش، میللەت و کۆی محەممەدی" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و هەروەها لەو ساڵۆن و قوتابخانانەی کە تاقیکاریی کونکووریان تێدا بەڕێوە چووە، دەیان تراکت و "سیدیـ"ـیان بڵاو کردووەتەوە.
هەروەها، ئەندامانی حیزب بە دەیان فودانەی شینیان لە ئاسمانی شاری بۆکاندا بڵاو کردووتەوە و بەم چالاکییە هەستی خەڵکیان ورووژاندووەتەوە.
هەرلەم پەیوەندییەدا، ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە "دزەی مەرگەوەڕ"، لەسەر ڕێگای "ژارئاوا، لولکان، کانیسبی، عەینەڕووم، گوڵماوەران، گەلی قاسملوو و ناوچەی دەشتەبێڵ"، تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.
هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، لە مەیدانی "ئازادیـ"ـی شاری تاراندا، یاد و ناوی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و بەم بۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.