کوردستان میدیا: چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، لە شارەکانی کوردستاندا درێژەی هەیە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی جۆراجۆر، ڕێز لەو ڕۆژە دەگرن و پەیمانی وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی شەهیدان نوێدەکەنەوە.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە پەیامێکدا، یاد و ناوی شەهید دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و بۆ جارێكی تر پەیمانی وەفاداری و ئەمەگناسییان لەگەڵ ڕێبازە ڕەوا و ئامانجەكانی ڕێبەرانی شەهید، ''قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی'' و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان نوێكردەوە و ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد و بۆ جارێکی تر، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر چەشنە بڕیارێک دەربڕی.
هاوکات، قارەمانانی دێموکرات لە شاری سنە، لە شوێنەکانی وەک: "نزیک زانکۆی پەیامی نوور، شارەکی ئەندیشە و شارەکی وەرمەقانیی سپای پاسداران"، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو، بە شێوەیەکی بەرین چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەم بۆنەوە، قوتابییانی تێکۆشەری ڕێبازی دوکتور قاسملوو لە گوندی "دەرەکێ"، سەر بە شارستانی سەوڵاوا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێبەری گەلەکەمان دوکتور قاسملوی نەمر، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا و ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.