کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چەندین شار و ناوچەی جیاجیای کوردستان و ئێران بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قارەمانانی دێموکرات لە بەرەبەری هاتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری مەهاباد و گوندی خوڕخوڕە بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ڕێزیان لە ڕۆژی پێشمەرگە و خەباتی ڕۆڵە چاونەترسەکانی گەل گرت.
لەو چالاکییانەدا بە دروشمی وەک: "بژی حدکا، بژی ڕاسان، منیش پشتیوانی پێشمەرگەم و پیرۆزه ٢٦ی سەرماوەز" ئەمەگناسیی خۆیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی.
لەلایەکی دیکەشەوە پێشمەرگەکانی شار، لە شاری پاوە بە نووسینی دروشمی پیشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە، لە بەرزاییەکانی ئەم شارە پیرۆزباییان لە هێزی پیشمەرگەی کوردستان کرد و پەیمانی وەفاداری بە رێبازی شەهیدانیان دووپات کردەوە.
هاوکات ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری مەریوان بۆ چەندەمین جار لە دوو حەوتووی ڕابردوودا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییەدا بە دروشمی وەک: " پێشمەرگە ناسنامەی گەلە، نەعرەتەی شێرانەی پێشمەرگە لە شاخ و شار هیوای دڵی گەلە"، پشتیوانیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە.
لە درێژەی ئەو کار و چالاکییانەدا له شاری تاران، پێتەختی ئێران چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە چوو و تێکۆشەرانی دێموکرات پەیمانیان لەگەڵ پێشمەرگە نوێ کردەوە.