ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور 'قاسملوو'' و هاوڕێیانی لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بەردەوامن.
ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ، تێکۆشەرانی دێموکرات لە پارکی میللەتی شاری مەریوان لە چالاکییەکی تەبلیغیدا بە دەیان تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو کردەوە و یادی دوکتور ''قاسملوو''یان بەرز نرخاند.
هاوکات قارەمانانی دێموکرات لە شاری سنە لە گوندەکانی ''گەلێن و دادانەی کەمانگەر'' بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور ''قاسملوو'' چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لەسەر درێژەدانی ڕێبازی ''قاسملوو'' پێداگرییان کردەوە.
هەر بەو بۆنەوە ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە گوندی ''قزڵقۆپی و ڕێگای نێوان قزڵقۆپی و قەرەقشلاخ'' لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بە شێوەیەکی بەربڵاو تراکت و وێنەی دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسملوو''یان بڵاو کردووەتەوە و بە دوژمنانی گەلی کوردیان سەلماند کە ڕێبازی قاسملوو بۆ هەمیشە درێژەی هەیە.
هەروەها ئەندامانی حیزب لە گوندی ''چەقەڵ مستەفا'' سەر بە شاری نەغەدە بە نووسینی دروشمی ''نەمان بۆ خامنەیی'' بێزاری و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دووپات کردەوە.