کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە ژینگەییەکان بۆ یادی شەهیدانی سەوز هەر بەردەوامە

13:22 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خەڵک ڕۆژهەڵات بەردەوامن لە چالاکی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی چوار شەهیدی ژینگە.

پاش تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە شەهیدبوونی چوار ژینگەپارێزی کورد لە مەریوان، خەڵکی ڕۆژهەڵات بە چالاکی جۆرواجۆر، یادی شەهیدانی سەوز بەرز ڕادەگرن و لە نوێترین چالاکییەکان، لە شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان، ئەنجومەنی" چرۆ"ی ڕوانسەر چوار نەمامیان بە یادی شەهیدانی ژینگە لەسەر سەراوی ڕەوانسەر چاندووە.

هەروەها ئەنجومەنی "چیا"ی شاری شنۆ، بە شاخەوانی لەسەر شاخەکانی ئەو ناوچەیە و بەرزکردنی دروشم و نووسراوە، یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و گرووپی شاخەوانیی "پێشڕەو"ی ئەو شارە لەسەر لووتکەی کێوی سەبەلان، یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت.

هەروەها لە ساڵیادی کۆچی دوایی" محەممەد هەوراز" چالاکی ژینگە و شاخەوانی ڕۆژهەڵاتی، کۆڕیادێک لە شاری نەغەدە بۆ ڕێزگرتن لە محەممەد هەوراز و شەهیدانی سەوز بە بەشداریی چالاکانی ژینگە و مەدەنی بەڕێوە چووە.

بەگشتی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵات، بە چاندنی نەمام، شاخەوانی، کۆڕیاد، ڕێوڕەسم و پێشکەشکردنی میداڵەکانی وەرزشوانان و شێوازی جۆرواجۆر هەر لە ئیلامەوە تاکوو ماکۆ بە بەردەوامیی خەڵکی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵات، یادی شەهیدانی ژینگە بەرز ڕادەگرن و وەفاداریان بەو شەهیدانە و خاکی کوردستان نیشان دەدەن.