کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە شارەکانی کوردستاندا، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، سەرەڕای زاڵبوونی کەشێکی ئەمنی بەسەر ناوچەکانی کوردستاندا، تێکۆشەران و قارەمانانی دێموکرات لە شارەکانی ''سنە'' و "بۆکان" و لە گوندی ''نێ''ی سەربە شاری مەریواندا، بە شێوەیەکی بەربڵاو، یاد و ناوی ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور قاسملوویان، بەرز ڕاگرت و بەو بۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنەدا، سەدان تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕێبەرانی شەهید، بەرزنرخاندنی ناوی پێشمەرگە و بێزاری لە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێرانیان، لە شوێنە گشتیەکانی ئەو شارەدا، بڵاو کردەوە.
هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی '' نێ''ی سەربە شاری مەریواندا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێبەری نەمر، شەهید دوکتور قاسملوو و نووسینی ''بژی حیزبی دێموکراتی کوردستان''، ''بژی ڕاسان'' و ''بژی قاسملوو''، چالاکیی بەرینی تەبلییغیان بەڕێوە برد.
هەروەها، تێکۆشەرانی دێموکرات، لە شاری بۆکاندا، بە نووسینی: ''بژی حیزبی دێموکرات'' و ''قاسملوو نامرێ''، پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسانی خۆرهەڵات دووپات کردەوە.