کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ئەندامانی یەکیەتیی ژنان لە رۆژی جیهانیی ژینگەپارێزیدا+ وێنە

02:54 - 16 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات، لە رۆژی جیهانیی ژینگەپارێزیدا بنکەکەکانی دەوروبەری دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتیان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە رۆژی جیهانیی ژینگە پارێزیدا، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر \'\'دروشمی پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە\'\'، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بنکە و مەقەرەکانی دەوروبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردەوە.

چالاکیی ژینگەپارێزیی یەکیەتیی ژنان بە بەشداریی ئەندامانی ئەو یەکیەتییە و بە هاوکاریی ژمارەیەک لە ژنانی بنەماڵەکانی بنکەکانی دەوروبەری دەفتەری سیاسیی حیزب ئەنجام درا.

فاتمە عوسمانی سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خۆی لەو چالاکییە ژینگەپارێزییەدا بەشدار بوو، بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەمە دەسپێکێک دەبێ بۆ یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ژینگەپارێزی و بڕیارە لەمەو بەدوا مانگێک یەک جار هەڵمەتی پاک و خاوێنیی ژینگە لە بنکە و مەقەرەکانی دەوری دەفتەری سیاسی ئەنجام بدریەت.

ناوبراو وتیشی: یەکیەتیی ژنان لە بەرنامەی دایە لە هەموو بنکە و ناوەندەکانی حیزبی دێموکرات ئەو چالاکییە ژینگەیی‌یانە پەرە پێ بدات و گشتگیری بکاتەوە.

لەو پێوەندییەدا رۆژین بەهرامی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی ژنان وتی: یەکیەتیی ژنان دەیهەوێ فەرهەنگی ژینگەپارێزی و ژینگە خۆشەویستی لەنێو ئەندامانی خۆی و ژنانی حیزبدا زیاتر پەرە پێ بدات.