کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکی تەبلیغیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ + وێنە

20:39 - 14 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی کرماشان، پیرانشار، مەهاباد و مەریوان بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی چالاکییان بەڕێوە برد.

ئەو شارانە کە چاکییان تێدا بەڕێوەچووە، بریتین لە:

مەریوان

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەریوان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی بە بڵاوکردنەوەی پووستێر و تراکتی تایبەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.

ترمیناڵی سنه، گەڕەکی ترخان ئاوا و مزگەوتی نامی بەرەو مەیدانی مامۆستا قانیع، ناوی ئەو شوێنانەیە کە چالاکییان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ تێدا ئەنجام دراوە.

مەهاباد

رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئەندامانی حیزبی دێموکرات، رێبوارانی رێبازی قاسملوو لە گوندەکانی \'\'حاجی حەسەن، خێراوا، گەوجاوا و تازەکەند\'\' سەربە ناوچەی شاماتی مەهاباد بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی رێبەریی نەتەوەیی کورد دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکیی تەبلیغییان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بەڕێوەبرد.

لە لایەکی دیکەشەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی بەوبۆنەوە لە \'\'پشت تەپە، مەدرەسەی بەری شیلانان، باغی شایگان، مەیدانی حەیوانات، گەڕەکی ئەرمەنیان، سۆفی تەها، بەهارستان، موکریان و گومرک\'\'ی مەهاباد چالاکییەکان بەردەوام بوون.

پیرانشار

ئەڤیندارانی مەکتەبی دێموکرات و رێبازی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر، رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی دروشم و تراکتەکانی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە گوندی پەسوێ بڵاو کردەوە.

شەقامەکانی قاسملوو، مامۆستا هێمن، موعەلیم، مەهاباد، محەممەدی هەوراز، پیران، تەوحید و مەتەهەری ناوی بەشێکی دیکەی ئەو شوێنانەیە کە لە شاری پیرانشار چالاکیی تەبلیغییان تێدا ئەنجام دراوە.

هەروەها لە پۆست بانک، جامیعەی پیران، قوتابخانەی شەوانەڕۆژی و دێهیاری لە شاری پیرانشار ئەو چالاکییانە بە شێوەی بەربڵاو بەڕێوەچوون.

کرماشان

لە شاری کرماشان، ئەوڤیندارانی رێبازی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و پووستیری تایبەتیی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یادی شەهیدانی ڤییەنیان بەرز راگرت.

دێمۆکراتپەروەرانی رێبازی قاسملوو لە \'\'کیان شار، پارکینگ شارەوانی و شەقامی خەیام\'\' بە شێوەیەکی بەربڵاو چالاکییان بەڕێوەبردووە و ئەمەش خۆشحاڵیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.