کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی سیاسی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران مەترسی دیپۆرت‌کردنەوە بۆ ئێرانی لەسەرە

15:32 - 23 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات کە ماوەیەک پێش لە وڵاتی سوید داوای پەنابەریی کردبوو، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پۆلیسی وڵاتی سوید پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ناوی کەیهان یووسفی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کردووە.

ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکرات، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی دەسبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، کەیهان یووسفی دوای دەسبەسەرکرانی پێی ڕاگەیەندراوە کە بە زووترین کات بۆ وڵاتی بۆلغارستان دەنێردرێتەوە.

کەیهان یووسفی دوای ماوەیەک لە دەسبەسەرکرانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە سوید ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەری دیپۆرت‌کردنەوەی لە بۆلغارستان بۆ ئێران جیددییە.

ناوبراو ماوەی ٣ مانگە بۆ وەرگرتنی پەنابەریی سیاسی، لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە.

کەیهان یووسفی تەمەن ٣٢ ساڵ، لە چالاکانی سیاسی و خوێندکاری لە کامیاران و کوردستان بووە و بۆ ماوەی ٣ ساڵ سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ئەستۆ بووە.