کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، تێكڕای لاوانی بەهست و شۆڕشگێڕ، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغی لە شار و ناوچەکانی کوردستان، یادی و ناوی شەهید دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و بۆ جارێكی تر پەیمانی وەفاداری و ئەمەگناسییان لەگەڵ ڕێبازە ڕەوا و ئامانجەكانی قاسملووی ڕێبەر نوێكردەوە و دڵی داگیرکەریان وەلەرزە خست و ورەیان بە نیشتمان بەخشی.
ئەو شوێنانەی چالاكیی تەبلیغییان تێدا كراوە بریتین لە:
لە شاری شنۆی قارەمان، تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندەکانی: "شێخان، تاژەندەرێ، کیسەڵاوێ، بێتریان، هێیە، میراوێ، پووشاوێ، بێمزورتێ، سینگان، شێ حوسماک و نەرزیوێ"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لە شاری پیرانشاری قارەمان، ڕێبورانی ئازادی لە گوندەکانی: "سێڵوێ، زێوکە، ماشکان و پیرەکانی"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لە شاری سەردەشتی هەمیشە دێموکرات، لە "گەڕەکی گۆمە سوور و سێڕای ژاژاوکە"، چالاکی بەڕێوە چوو.
لە شاری بۆکان، ڕۆڵەکانی پێشەوا لە شوینەکانی وەک: "جادەی سەدی بۆکان، ئینگیجە، شوێنەکانی کولتەپە، شارەک، جادە حەسار، عەشایر، شارەکی گوڵستان، کوی فەرهەنگییان و زۆربەی کوچە و کۆڵانەکانی شاری بۆکان"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سنەی خوێناوی، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت بەو ڕۆژە، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێکردەوە.
ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "حەسەن ئاوا، دەروەن، وشکۆڵ، کانیمشکان، گەنمان، دانە، مەرەبزان، کەرجۆ، شەریف ئاوای سنە، کەڕەسی و چەندی گوندی دیکە و شەقامەکانی حافز".
لە تایلەی شاری سنە، ڕێبوارانی دێموکرات و ئەندامانی حیزب، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، سەردانی مەزاری شەهیدانیان کردووە و به دانانی چەپکە گوڵ، لەگەڵ ڕێبازیان پەیمانیان نوێ کردووەتەوە.
هاوکات لە ڕووبەڕووی "مەرکەزی ڕاهییانی نووری سنە"، که سەر به سپای تێرۆریستی پاسدارانه، وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو کردووەتەوە.
هەروەها لەبەر دەرگای زیاتر لە ٥٠٠ ماڵدا، تراکت و پۆستێریان بڵاو کردووەتەوە.
لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا، پێشمەرگەکانی شار بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دانانی چەک، پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر بڕیارێک دەربڕی.
لە شاری سمکۆی شۆڕشگێڕ، قارەمانانی دێموکرات لە "دزەی مەرگەوەڕ"، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە و بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو، بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران دەربڕی.
هاوکات لە نێو شاری ورمێ، لە شوێنەکانی: "شارەکی شەهریار، شارەکی ویلاشەهر، بلواری شەهریار، زانکۆی ئافاق، زانکۆی پەیامی نوور، پارکی تۆخم مۆرغی، زانکۆی سەما و شارەکی ئەندیشە نزیک قوتابخانەی ١٣ی ئابان"، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو..
لە کرماشانی شەهید "خەلیل خەلەبانـ"ـەوە، قارەمانانی دێموکرات لە شاری شاباد، بە نووسینی دروشم، بێزاری و نەفرەتی خۆیان لە ڕێژیمی سێدارە دەربڕی.
ڕۆڵەکانی دێموکرات، لە دیاری شەهید "حەکیم ڕەزایی"، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شەهیدانی ڤییەن، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێکردەوە.
هەروەها شەوی ڕابردوو، لە شاری سەقز، تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر و وێنەی شەهیدان و هەروەها نووسینی دروشم لە گەڕەکانی "حەماڵاوای خواروو و ژووروو، عەباس ئاوا، شەهرەکی کوردستان، شەهرەکی زاگرۆس و تازاوا"، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.
لە لایەکی تریشەوە ڕۆڵە چاونەترسەکانی دێموکرات لە شاری بانه، به هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب، لەگەڵ ڕێبازی دوکتور قاسملوو و شەهیدانی کوردستان پەیمانیان نوێکردنەوە.
ڕۆژی ڕابردوو، ڕۆڵە ئازاکانی دێموکرات لە گوندی "نییەر"یش بۆ جارێکی دیکە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر وهەروەها نەخشاندنی وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو، یادی دوکتور قاسملووی نەمریان بەرز ڕاگرت.