کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسانی وزارەتی دەرەوەی وڵاتی دانمارک

21:04 - 13 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لەگەڵ بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین و عێراق لە وزارەتی دەرەوەی دانمارک چاوپێکەوتنی پێک‌هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، سەعید سوڵتانپور، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە وڵاتی دانمارک بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوە و راگۆڕینەوە لەگەڵ بەرپرسانی وزارەتی دەرەوەی دانمارک لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە ئامادە بوو.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئانا مولێر ( (Anne Mller و مالتی کریستینسن) Malte Christensen) کە بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین و عێراق لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی دانمارک‌دان، چاوپێکەوتنی کرد.

سوڵتانپور لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین و عێراق لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی دانمارک لە پەیوندی لەگەڵ نالەبارتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دوای هاتنە سەرکاری رۆحانی چەند باسێکی پێشکەش کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم چاوپێکەوتنەدا جەختی لەسەر جێبەجی نەکردنی وادە و بەڵێنییەکانی حەسەن رۆ‌حانی کردەوە و وتی بەرپرسان و لێپرسراوانی رێژیمی ئێران لە هیچ بوارێکدا جێگای باوەڕ و متمانە نین.

بەردەوام بوونی کوشتنی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی کورد، درێژە پێدانی شەپوڵی دەستبەسەرکران، بانگهێشت و سەرکوتی هاووڵاتییان بەتایبەت هاووڵاتییانی سەر بە نەتەوە ژێردەستەکانی دانێشتووی ئێران وەکوو کورد، عەرەب و بەلوچ تەوری سەرەکیی وتووێژ لەم دانیشتنەدا بووە.

هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کوردستانی عێراق و سووریە و یارمەتییە مرۆییەکانی وڵاتانی ئورووپا و بەتایبەت دانمارک لە بابەتەکانی‌تری ئەو چاوپێکەوتنە بوون.

بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین و عێراق لە وزارەتی دەرەوەی دانمارک، ئانا مولێر (Anne mller ( و مالتی کریستینسن ( Malty Christensen ) لەگەڵ وتەکانی نوێنەری حیزبی دێموکرات سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هاوڕا بوون و رایانگەیاند کە دوای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرچاو لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا نەهاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین وعێراق لە وزارەتی دەرەوەی دانمارک، لەو باوەرەدا بوون کە بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەبێ لەلایەن کۆمەڵگای جیهانی گوشار بخرێتە سەر ئەو رێژیمە.

بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین و عێراق لە وزارەتی دەرەوەی دانمارک لەم چاوپێکەوتنەدا خۆڕاگری کوردەکان لە بەرانبەر هێرشی داعش و پاراستنی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی کوردستانیان لەلایەن پێشمەرگەوە، بەرز نرخاند.