کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ تیمێکی رۆژنامەوانی لە سوێد

16:56 - 27 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوێد، لەگەڵ تیمێکی رۆژنامەوانیی چالاک لە ستۆکهۆڵم چاوپێکەوتنی پێکهێنا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، حەمید تەیمووری نوێنەری حێزبی دێموکرات رێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەگەڵ تیمێکی رۆژنامەوانی پرۆفێشناڵ کە پێکهاتبوو لە بوو هێلمگۆویست، ئوولا هێلمگۆسیوت، نیکۆلا مایسترۆویچ و کوردۆ باکسی چاوپێکەوتنی پێکهێنا.

بوو هێلمگۆویست و ئوولا هێلمگۆسیوت لەو رۆژنامەوانانەن کە لەگەڵ چەندین کەسایەتی ناوداری بزووتنەوەی کوردی بە تایبەت دوکتور قاسلموو چاوپێکەوتنی درێژخایەن و پتەویان هەبووە و لەو پێوەندییەدا چەندین جار بۆ سەفەر هاتوونەتە کوردستان.

بوو هێلمگۆویست دەڵێت: ساڵی ١٩٧٩ چوومە مەهاباد و لەو شارە لەگەڵ دوکتور قاسملوو بوومە دۆست، بۆ جاری دووهەم ساڵی ١٩٨٦ وێڕای نیکۆلا لە بەغدا ــ چوینە قەندیل و لە بنکەی دەفتەری سیاسی لەگەڵ دوکتور قاسملوو کۆبوونەوەیەکمان پێکهێنا.

هێلمگۆویست و نیکۆلا بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لەگەڵ رێبەری حدکا وتووێژی تەلەفزیۆنیی ئەنجام داوە کە بەشێک لەو وتووێژانە لە تەلەفزیۆنی سوێد بڵاو کراوەتەوە. ئەو دوو هەواڵنێرە کەسایەتی دوکتور قاسملوو مەتین، هێدی و هێمن، لەسەرخۆ، بوێر، بە توانا وەسف دەکەن.

نیکۆلا لەو هەوڵنێرانەیە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە بابەت پرسی کورد سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و نووسین بووە و هەنووکە پاڵێوراوی حیزبی ژینگە لە پارلمانی ئورووپا دایە.

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەو تیمە رۆژنامەوانییە ماوەی دوو کاتژمێری خایەند و لە کۆتاییدا هەواڵنێرانی سوێدی هیوای رزگاری و ئازادییان بۆ گەلی کورد خواست.