کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات و راوێژکارانی دوو سێناتۆری ئامریکا

14:03 - 9 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەدوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ راوێژکاری دوو سێناتۆری ئامریکا، چاوپێکەوتنی پێک هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئارەش ساڵح، نوێنەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ راوێژکارانی سێناتۆر رۆن جانسۆن و سێناتۆر جێری مۆران کۆ بووەوە.

لەم چاوپێکەوتنانە نوێنەری حیزب ئاماژەی بە رۆڵی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکە کرد و وتی: رێژیمی ئێران بۆ شکست و وەڵامدەرنەبوونی ئەو هەوڵانە کە بۆ دێموکراتیزە کردنی رۆژهەڵاتی ناوەراست هاتوونەتە ئاراوە، هەوڵ دەدات لە رێگەی سپای پاسدارانەوە ناسەقامگیری لە ناوچەکە پەرە پێ بدات.

ئارش ساڵح لەم چاوپیکەوتنانەدا باسی لەوە کرد کە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی دوو کاری سەرەکی پێ سپێردراوە کە یەکێک لەوانە سەرکوت لە ناوخۆی ئێرانە و ئەویتریان مسۆگه‌رکردنی حوزووری سیاسی و نیزامیی ئێرانە له‌ناوچه‌کە، کە ئەم دوو ئەرکە پیشان دەدەن کە ستراتیژیی زاڵی سپای پاسداران هێرشکارانەیە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە درێژەدا وتی: رێژیمی ئێران پاش کۆتایی‌هاتنی شەڕی ئێران و عێراق ئەو سنوورەی کە بۆ بەرگری لە خۆی دایدەنێت زۆر لە پێشەوەی سنوورەکانی داناوە بۆوێنە لوبنان یەکێکە لەو شوێنانەی کە ئێران وەکوو یەکەم سەنگەری بەرگری لە خۆی پێناسەی دەکات و لەوێ پشتیوانی کردن لە هێزە تیرۆریستەکان وەکوو حیزبۆڵڵای گرتووەتە بەر.

ئارەش ساڵح لەو چاوپێکەوتنانەدا رایگەیاند کە ئێران پێش ئەوەی ناچار بە بەرگری بکرێت هێرش دەکات. ئەوەمان لە بیر نەچێت کە تا ئێستا ئێران هەموو کات هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا و تاکوو ئێستا ناچار نەبووە لە بەامبەر رۆژئاوادا بەرگری لە خۆی بکات.

هەروەها نوێنەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە ئامریکا باسی لەسەر بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران کرد و نیگەرانی حیزبی دێموکراتی لە بێدەنگ بوونی دنیا لە هەمبەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران خستە روو.

ئارەش ساڵح هەروەها داوای کرد کە نوێنەرانی خەڵکی ئامریکا لە کۆنگرەدا بە شێوەیەکی راشکاوانە نیگەرانیی خۆیان لە هەمبەر ئەم پێشێلکاریانە دەرببڕن.

هەروەها ئەو بابەتە ورووژێندرا کە حیزبی دێموکرات لە نفووزی ئێران لە ناوچەکە بە تایبەت لە عێراق نیگەرانە و لەو بارەیەوە وتی: بە باوەڕی ئێمە، رێژیمی ئێران هەندێک جار بە رواڵەت دەیەوێت کێشەکانی نێوان سیاسەتوانان و لایەنەکان لە عێراق چارەسەر بکات بەڵام لە ئاکامدا ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی نفووزی و لەو نفووزی بۆ تێکدانی سەقامگیری و کێشە نانەوە و دەستێوەردانی زیاتر کەڵک وەردەگرێت.

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا کارۆڵ فاستیر لە دەفتەری سێناتۆر جانسۆن وتی کە ئەوان هەموو کاتێک پشتیوانیی کوردەکانیان کردووە و بەردەوام دەبن لەم پشتیوانیە و هەروەها رایگەیاند کە ئەو لەگەڵ سێناتۆر جانسۆن لەسەر هەڵوێست گرتن لەسەر پێشێلکاریی مافی نەتەوەکان لە ئێران قسە دەکات.

کارۆڵ فاستیر هەروەها باسی لەسەر ئەوە کرد کە ئێمە دەزانین ئەو شتانەی کە رژێمی ئێران و رۆحانی بە دنیای دەڵێن زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو شتانەی کە لە ناوخۆدا دەیکەن و دەیڵێن و هەندێک جاریش رژێمی ئیران قسەی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کە وەریان دەگێڕنەوە سەر زمانی ئینگلیزی لەگەڵ نوسخە ئەسڵییەکان جیاوازن.
لە دیدارێکی دیکەی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ راوێژکاری سێناتۆرە ئامریکاییەکان، نەتن هایمەن رایگەیاند کە ئەو لە چاوپێکەوتنی داهاتووی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە پێیان دەڵێت لەسەر پێشێلکاریی مافی نەتەوەکان لە ئێراندا هەڵوێستی باشتر و گونجاوتر بگرنە بەر.

نەتن هایمەن هەروەها وتی کە ئەوان پێیان وایە کە هەرچەند دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە دنیادا زۆرتر بڵاو بێتەوە و گەشە بکات ئەوا ئامریکا وڵاتێکی ئەمنتر دەبێ و بۆیە ئەوان بە توندی پشتیوانی ئەو هەوڵانەن کە بۆ دێموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنە ئاراوە.

رۆن جانسۆن، سێناتۆرە لە ویسکانسین و سەر بە کۆماریخوازەکانە، بەڵام لە ماوەی چەند حەفتەی رابردودا پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئۆباما کردووە و هەروەها لە چەند دەرکەوتنی میدیایی دا زۆر جار ناوی کوردی هێناوە و پشتیوانی لە نەتەوەی کورد کردوە.

هەروەها جێری مۆران سێناتۆرە لە کانزاس و ئەندامی کۆماریخوازەکانە. یەکێک لەو بەشانە کە لەسەری کار دەکات بەشی ئاسایشی نەتەوەییە. ساڵی ٢٠١٢ وەکوو سەرۆکی کۆمیتەی سێناتۆریاڵی کۆماریخوازەکان هەڵبژێردرا.