کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێریی بەسەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر بووەتەوە

16:54 - 25 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەیەکی ئامریکایی باسی لەوە کردووە، کە پاش کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنامەی بەرجام، بە وردی چاوەدێری جووڵە و هەڵسوکەوتی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەکەن.

فەرماندەی هێزی دەریایی ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە هاتنەدەرەوەی دانڵد ترامپ لە بەرجام بۆ هێزەکانی ئامریکا بە واتای دەستپێکی قۆناغێکی پڕ لە مەترسی و گومانە، بۆیە پێویستە هەتا بە هۆشیاری تەواوو زۆر زیاتر لە جاران، چاوەدێریی بەسەر هەموو جووڵەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی دەریایی ڕیژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕۆیتێرز، "دەریابد جان ڕیچاردسون" فەرماندەی مەیدانیی هێزی دەریایی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا وتوویە: "ئێمە خەریکین پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێیەوە، کە دەبێ هەرساتێک چاوەڕوانی خولقانی ئەگەر و ڕووداوێکمان هەبێت، کە بەرانبەر ئەو ڕووداوە تازانە، هێزە جیهانیەکان چۆن مامەڵە دەکەن، بەڵام ئێمە پێویستە تا هۆشیاری خۆمان زیاتربکەین و بەتەواوەتی خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەین".

ناوبراو ئەو قسانەی لە کاتی بەسەرکردنەوەی ناوگانی دەریاییی جۆرج. ئاچ. دبلیوو. بوش لە کەنارەکانی ویرجینیا، کردبوون، کە هێزەکانی ئامریکایی و فەڕانسەوی لەو ناوگانەدا خەریکی بەڕێوەبردنی مانۆڕیکی هاوبەش بوون.

ڕیچاردسون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە ئەگەرچی پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام تا ئێستا هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی نامۆ و دنەدەرانەیان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە نەبینیوە، بەڵام بە شێوەیەکی ورد لە نزیکەوە چاوەدێرییان بەسەردا دەکەن.

ساڵی پێشوو چەندین جار هێزەکانی ئامریکایی، هۆشدارییان بە هێزە دەریایییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە نیسبەت نزیک بوونەوەی لەڕادەبەدەریان بەرەو لای ناوگانەکانی ئامریکا و ڕەچاو نەکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەریاوانی، دابوو.