کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافی مرۆڤ: بەرپرسانی ئێران بەخێرایی یاسای ''جەوانیی حەشیمت'' هەڵ بووەشێننەوە

11:26 - 20 خەزەڵوەر 2721

ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەر لە ڕاپۆرتێکدا، یاسای نوێی حەشیمەتی ئێرانی کە بە گەڵاڵەی ''جەوانیی حەشیمەت'' ناسراوە، بە پێشێلکەری مافی ژنان لە بواری تەندروستیی ڕەگەزی و باروەری زانیوە و داوای ئەوەی کردووە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەخێرایی ئەو یاسایە هەڵبووەشێننەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: ''ئەو یاسایە بەپێچەوانەی ئیدعاکانی بەرپرسانی ئێران، تەندروستی و گیانی ژنانی ئێران دەخاتە مەترسییەوە''.

گەڵاڵەی ''جەوانیی حەشیمەت'' ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەر لەلایەن شورای نیگابانی ڕێژیمەوە پەسەند کرا.

ئەو گەڵاڵەیە کە بەپێی ئەسڵی ٨٥ لە کۆمیسیۆنی هاوبەش بەبێ ئەوەیکە لە مەجلیس تاوتوێ بکرێت، پەسەند کرابوو هێندێک ئیمتیازی ماڵی و شوغڵیی بەو کەسانەی کە خاوەن منداڵن دەبەخشێت، بەڵام ئەگەری پێشگیری لە دووگیانی و لەبارچوون سنووردار یان قەدەغە دەکات.

هەورەها بەپێی ئەو گەڵالەیە دەرمانخانەکان بۆیان نییە دەرمانی پێشگیری لە دووگیانی بە خەڵک بدەن.

"تارا سێپێهری فەڕ'' لیکۆڵەری باڵای ئیران لە چاوەدێری مافی مرۆڤ وتوویەتی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە جێگای ئەوەیکە کێشە جیددییەکان وەکوو ''ناراکامەیی، گەندەڵی و سەرکوت'' چارەسەر بکەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر مافی ژنان.