کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافی مرۆڤ: ڕێژیمی ئێران خراپترین ڕێژیمی سەرکوتکەری جیهانە

11:25 - 1 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ئێشپیگێل''، لە هەمبەر سەرکوتی خوێناویی ناڕازییان لە ئێران، ڕێژیمی ئێرانی وەکوو خراپترین ڕێژیمی سەرکوتکەری جیهان ناو بردووە.

''وێنتزێل میشالێسکی''، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێشپیگێل وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران وەکوو هەمیشە خراپترین ڕێژیمی سەرکوتکەری جیهانە. مرۆڤەکان هەڕەشەی مەرگیان لێ دەکرێت، ژمارەی ئێعدامەکان و زیندانییان، تەنیا بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە یان نووسینی بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر لە سەرەوەیە. بە واتایەکی دیکە تا ئەو جێگایەی کە بە مافی مرۆڤەوە پەیوەندیی هەیە، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ نیشانێک لە نەرمی نواندن و هەنگاونان بەرەو ئازادی دیار نییە".

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "کەسێک کە لە ئێراندا ناڕەزایەتی دەرببڕێت، ژیانی خۆی لە مەترسی دەخات. خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمەوە وەکوو ئاژاوەگێڕ دەستنیشان دەکرێن. نوێنەرانی ئاخوندەکان داوای ئێعدامکردنی ئەم کەسانە دەکەن کە بە ئاژاوەگێڕ ناسراون. کەسێک کە لەم کەشە هەڕەشەئامێزەیەدا ناڕەزایەتی دەرببڕێت، مەترسییەکی گەورەی بە گیان کڕیوە. ئەوە نیشان دەدات کە خەڵکی ئێران چەندە تووڕە و ناهومێد بوونە".

''میشالێسکی''، باسی لەوە کرد، ئێمە ساڵەهایە ئیجازەمان نییە بڕۆینە نێو ئێرانەوە، ئەوە بەم مانایەیە کە ترسی ڕێژیم لە ئاگادارکردنەوەی سەربەخۆ زۆرە، هەروەها پچڕاندنی ئینتەرنێت ئەوە دەسەلمێنێت.

ناوبراو وتی، ئاماری دەسبەسەرکراوان، کوژراوان و برینداربووان لەلایەن ڕێژیمی ئیرانەوە ڕاناگەیەندرێت. ئەوش بەم مانایەیە کە پانتایی ئەم کارەساتە زۆر گەورە بووە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لەم وتووێژەدا وتی، ڕێژیمی ئێران شتیکی زۆر جیاواز لە حکوومەتێکی یاساییە، بڕیارێک کە ڕەزامەندیی سپای پاسدارانی لەسەر نەبێت، هەڵدەوەشێتەوە.