کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەڕوانی دەکرێت قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران بگاتە ڕۆژانە ٩٠٠ کەس

11:24 - 11 خەزەڵوەر 2720

سەرۆکی ڕێکخراوێکی ڤایرۆسناسی لە ئێران وتوویەتی کە بە ڕەوتی ئێستای بەڕێوبەریی قەیرانی کۆرۆنا دوور لە چاوەڕوانی نییە کە ڕۆژانە ٩٠٠ کەس گیانی لەدەست بدات.

"عەلیڕەزا ناجی" سەرۆکی ناوەندی ڤایرۆسناسیی نەخۆشخانەی "مەسیحی دانیشوەری"، بە ڕەخنەگرتن لە کەمکاری و شێلگیرنەبوونی دەسەڵات لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا وتوویەتی: "بە درێژەکێشانی ڕەوتی ئێستا، ئەگەری هەیە ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ڕۆژانی داهاتوودا بگاتە ٩٠٠ کەس لە ڕۆژێکدا".

هەروەها "سەعید جاودان" پسپۆڕی نەخۆشییە چڵکییەکان و سەرۆکی نەخۆشخانەی "جەلیلیـ"ـی یاسووج ڕایگەیاندووە: "ئەگەر پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان ڕەچاو نەکرێت و لەگەڵ ڕەچاونەکردنی سنووردارییەکان بە شێوەی خێرا و شێلگیر بەرەوڕوو نەبینەوە، ڕۆژ و مانگگەلێکی ڕەشی کۆرۆناییمان لەبەردەم دەبێت".

لەلایەکی دیکەشەوە "محەممەد شەریفی موقەدەم" سەرۆکی گشتیی "ماڵی پەرستار"، ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتوویەتی: "٢٥ لەسەدی پەرستارەکانی ئێران تووشی کۆرۆنا بوونە و دەستلەکارکێشانەوەی هەزاران پەرستاری دیکە بووەتە هۆی کەمیی پەرستار و ئەمە بووەتە هۆی زۆربوونەوەی قوربانییان".

"سیما سادات لاری" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٧ هەزار و ٨٢٠ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەرکەوتووە و ٣٨٦ کەسی دیکە لە تووشبووان گیانیان لەدەست داوە".

دۆخی کۆرۆنا لە ئێران هەر ڕۆژ بەرەو خراپتر بوون دەڕوات و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بەهۆی نابەرپرسایەتی و کەمکاریی ڕێژیم دەبنە قوربانی.