کوردستان میدیا

چوارشەممه 26ی جۆزەردان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چل ساڵ خەبات و تێکۆشان بۆ ژیانێكی پڕ مانا

18:00 - 3 جۆزەردان 2721

سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی

''لە یادی چلەی شەهیدبوونی هاوڕێ کاک لوقمان مێهفەر، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حیزبە تێکۆشەرەکەماندا''

بۆ هەڵسەنگاندنی ژیانی کەسێک زۆر معیار هەن.  وەک ئەوەی کە ئەو کەسایەتییە لە ژیانیدا توانیویەتی چەندە سەرمایەی مادی و مەعنەوی پێکوەنێ؟ معارێکی دیکە ئەوەیە کە ئەو کەسە چ پەیام و ڕیسالەتێکی هاویشتووەتە سەر شانی خۆی و بۆ بردنە پێشی ئەو ڕیساڵەتە چی کردووە؟ هەموو ڕێبازە فەلسەفییەکان  لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێ بریتییە لە کار و خەبات و تێکۆشان لەپێناوی بردنه‌پێشی مەسەلەیەکی ڕەوا و بەرحەقدا. 

ئەگەر بەو معیارە تەماشای کارنامەی تێکۆشانی کاک لوقمان مێهفەری نەمر بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ژیانی کاک لوقمان سەرتاسەر بریتییە لە کارنەمەیەکی دره‌وشاوه‌ لە خەبات، هەر بۆیەش بە  ژیانێکی پڕبەرهەم و پڕ ماناش بە حیساب دێ.

کاک لوقمان هەموو عومری خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تەرخان کرد. لەپێناو بردنەپێشی ئامانجەکانی حیزب و خەڵکی کوردستاندا لە هیچ فیداکاری و بەرپرسایەتی قبووڵ کردنێک درێخی نەکرد. ئەو وێنەی خوارەوە لە کارنامەی کاک لوقمان بە باشترین شێوە ئەو ڕاستیەمان پێ نیشان دەدا٠

کار و بەرپرسایەتییەکانی کاک لوقمان

کاک لوقمان پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دا، دەبێتە پێشمەرگە و لە یەکێتی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران له‌ پیرانشاردا سازمان دەدرێ.  ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و بەرپرسایەتی کۆمیتەی ناوچەی بەربنەی پێ دەسپێردرێ. لە هەمان کاتدا ئەندامی بەرێوەبەری یەکێتی لاوانیشی لە ناوچەی پیرانشار بە ئەستۆوە دەبێ . بە حوکمی بەرپرسایەتی تەشکیلاتی مەیدانی کاری دەبێتە ناوچەی بەربنە کە جێگای کار و تێکۆشانی لکی یەکی هێزی شەهید ئاوارە بوو.

لە زۆربەی شەڕەکانی ئەو ناوچەیەدا وێڕای لکی یەکی هێزی ئاوارە، بەشداری چالاکانەی دەبێ.

لەو ناوچەیەدا بەردی بناخەی تەشکیلاتێکی ڕێکوپێکی حیزبی دادەمەزرێنێ.

لە زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچەیەدا کۆڕوکۆبوونەوەی گشتی سەبارەت بە سیاسەتەکانی حیزب و لەقاودانی پیلانەکانی رێژیم پێک دێنێ.

پێوەندییەکی باش و پڕ لە متمانە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی قوتابخانەکان، پیاو ماقوڵ و ردێن سپێەکانی گوندەکان، ڕووناکبیران و عەشیرەت خاوەن مڵکە نیشتیمان پەروەرەکاندا پێک دێنێ.

بایەخێکی زۆر بە سازمان دان و رێکخستنی لاوان و ژنان لە ریزەکانی تەشکیلاتی حیزبدا دەدات.

 هاوئاهه‌نگییەکی باش و پێویست لە نێوان کۆمیتەی شارستان و فەرماندەیی هێز و لکی یەکی هێزی ئاوارەدا پێکدێنێ. بەهۆی سەرکەوتنی لەجێبەجێ کردنی ئەرکە حیزبیەکانی دا، سەرەنجام کۆمیتەی شارستانی پیرانشار شوێنی خزمەتی کاک لوقمان دەگوێزێتەوە بۆ  کۆمیتەی حیزب  لە ناوچەی پیرانان.

ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی کۆمیتەی شارستانی پیرانشارو وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی پیرانان دیاری دەکرێ. لەو ناوچەیەشدا بە هۆی ئەزموونی زۆری خۆی توانی لە کار و ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی دا سەرکەوتوبێت.
لەو ناوچەیەشدا کە مەیدانی تێکۆشانی لکی سێی هێزی شەهید ئاوارە بوو، بە حوکمی بەرپرسایەتی حیزبی هاوکاریەکی نزیکی لە گەڵ لکی سێ دا هەبوو. هەر بۆیە لە زۆربەی شەڕەکانی ئەو ناوچەیەش، لەو دەورەیەدا، بەشداری چالاکانەی هەبوو.
 لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە بەجۆرێک ناوەندی شاری پیرانشاریش دەباوەش دەگرێ، کاک لوقمان کاری تەشکیلاتی لە ناوچەی پیران و نێو شاریشدا بەڕیوەدەبات.

هاوکارییەکی زۆری هێز و لکەکانی دیکەی هێزی پێشمەرگە سەبارەت بە چۆنیەتی حەرەکەت و هاتووچۆکانیان بەو ناوچەیەدا ده‌كات. چوونکە ئەو ناوچەیە شوێنی ڕۆیشتن و گەڕانەوەی به‌شێكی به‌رچاو له‌ لک و دەستەکانی هێزی پێشمەرگە بوو. لەو دەورەیەدا هاوکارییەکانی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی پیرانان بۆ ڕێنوێنی و چاوساغی هاتوچۆی هێزی پێشمەرگە، بە خزمەتێکی درەخشانی کۆمیتەی ناوچە و لكی ٣، کاک لوقمان دادەنرێ.

 لە هەموو گوند و دێهاتەکانی ئەو ناوچەیەشدا، کاک لوقمان هەر دەرفەتێکی بۆی هەڵکەوتبا، کۆبوونەوەی گشتی بۆ خەڵک پێکدەهێنا. خەڵکی بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەکانی حیزب هان دەدا و سیاسەت و پیلانەکانی ڕێژیمی بۆ خەڵک ڕوونده‌كرده‌وە.
کاک لوقمان لەکاری حیزبی و تەشکیلاتی دا حیسابێکی زۆری لەسەر تواناکانی لاوان دەکرد. بۆیە بێوچان ئەوانی بۆ کار لە تەشکیلاتی حیزب و ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا  هاندەدا.

 لەو ماوەیەدا کاک لوقمان توانیبووی پێوەندییەکی زیندوو و پڕ لە متمانە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە خەڵکی  نێو شاری پیرانشار دابمەزرێنێ.

لەو بەرپرسایەتییەشیدا هاوئاهەنگییەکی باشی لە نیوان هێز و کۆمیتەی شارستان و کۆمیتە ناوچەی پیراناندا پێکهێنا. بەحەق کاک لوقمان  لەو قۆناخەشدا، لە راپەڕاندنی  ئەرکەکانیدا، لێوەشاوەیەکی زۆری لەخۆی نیشاندا.

له‌ ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاویدا بەهۆی پێویستییەک کە لە سازماندەهی حیزبیدا هاتبۆ پێش، کاک لوقمان وەک بەرپرسی لکی یەکی هێزی قەندیل دیاریکرا.

 لەو مەئموورییەتەشدا کاک لوقمان توانی سەرکەوتنێکی بەرچاو وەدەستبێنێ. بە پێی پێداویستییەکانی هەلومەرجی تازەی خەبات و پەڕینەوە بۆ قۆناخی خەباتی پارتیزانی، حیزب و هێزی پێشمەرگە و هەموو چالاکییەکی نیزامی و تەشکیلاتی، پێویستی بە نەزم و دیسیپلینێکی پۆڵایین و ئاگاهانە هەبوو. کاک لوقمان توانی ئەو نەزم و دیسیپلینە پۆڵاینە لە شوێنی کار و بەرپرسایەتییەکانی خۆی لە نێو دەستە و پەلەکانی لکی یەکی هێزی قەندیلدا پیادە بکات .

 دەبێ بگوترێ کاک لوقمان لەو دەورەیەشدا وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی لێهاتوو لە گەلێک عەمەلیاتی گەورە و بچووکی ناوچەی پیرانشاردا  بەشداری کرد و له‌و ئەرکەشیدا سەرکەوتنی وەدەستهێنا.

 لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا لە کاتی سازماندەهی تازەی حیزب و پێکهاتنی مەڵبەندی سپی سەنگدا، کە لە کۆمیتە شارستانەکانی نەغەدەو پیرانشار پێکهاتبوو، کاک لوقمان وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ند دیاریکرا

کاک لوقمان بەوپەڕی لێوەشاوەییەوە، ئەو ئەرکەشی لەو قۆناخە سەختەی ژیان و تێکۆشانی حیزبەکەماندا بەرێوەبرد. هەموو توانای خۆی بۆ رێکوپێک کردنی تەشکیلاتی حیزب لە شار و ناوچەکانی دیكه‌ی پیرانشار دەکارکرد. تەشکیلاتی حیزبی سەرلەنوێ رێکخستەوە، هاوئاهەنگییەکی باشی لە نێوان کۆمیتەی شارستان و کۆمیتە ناوچەکان و مەڵبەندا پێک هێنا. توانی دیسیپلینی خەباتگێرانە بەسەر کار و چالاکیەکانی حیزبدا حاکم بکات. بە حەق کاک لوقمان ئیدی ببوو بە سیمایەکی خۆشەویستی نێو ڕیزەکانی تەشکیلات و هێزی پێشمەرگە.

ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بە پێی بڕیاری کۆمسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب، کاک لوقمان وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی شنۆ دیاری دەکرێ. کاک لوقمان پاش دونیایەک ئەزموون و تاقیکردنەوە لە هەموو بوارەکانی ژیان و کار و تێکۆشانی حیزبی و تەشکیلاتی و سیاسی و پێشمەرگانەدا، لەو پۆستەشیدا سەرکەوتوانە ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتییەکانی بەرێوەدەبرد.

هاوئاهەنگییەکی باش، بەجۆرێک کە وەڵامدەری چاوڕوانییەکانی رێبەری حیزب بێت، لە نێوان کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هێزی کێلەشیندا پێکدێنێ.

لە زۆربەی چالاکییە سیاسی و نیزامیەکان و حەرەکەت و جەولەکانی هێزی پێشمەرگە و کۆمیتەی شارستاندا بەشداری دەکات.

لە کاتی داڕشتنی پلان و نەخشە بۆ هەر عەمەلیاتێکی هێزی پێشمەرگەدا، چالاکانە بەشداری دەکات. بەهۆی دیقەته‌‌ وردبینیەکانیەوە، هەمیشە بەرپرسانی هێز و لکەکان حیساب لەسەر ڕوانگە و بیر و بۆچوون و تێبینەکانی دەکەن.

کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر کاروباری حیزبی لە ناوچەدا دەبێ و لە هەموو مەسەلە و پرسە گرینگەکاندا شوێنەوار و کاریگەری خۆی دادەنێ.

 شارەزایی کاک لوقمان بەسەر کولتوور و جوغرافیای ناوچەکە و چۆنیەتی تەرکیبی کۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵک لە ناوچەی شنۆدا، دەبێتە فاکتۆرێکی گرنگ بۆ چوونە پێشی کاری حیزبی و  سەرکەوتنی حیزب لە کاروباری خۆی لەو دەورەیەدا

گرینگترین ئەرکی کاک لوقمان لەو قۆناخەدا بریتی بوو لە رێکخستنەوەی تەشکیلاتی حیزب و سازماندانەوەی ئەو تەشکیلاتە بەجۆرێک کە بتوانێ هەم ئەرکەکانی ڕاپەرێنێ و هەم لەبەرانبەر هێرش و پیلانەکانی رێژیمیشدا زەبرهەڵنەگر بێت. لەو کارەیدا بە تەواوی سەرکەوتووبوو.

وەک هەمیشە لێرەش کاک لوقمان پێوەندیەکی زیندوو و تووند و تۆڵی لە نیوان خەڵک و کۆمیتەی شارستان  دا پێک دێنێ. ئەو کادرێکی لێوەشاوەی حیزب بوو، دەیزانی حیزب تەنیا بە پشت بەستن بە کۆمەڵانی خەڵک دەتوانێ بمێنی و بڕواتە پێش. بۆیە بۆ

کاک لوقمانی نه‌مر پێوەندیی نێوان حیزب و خەڵک هەمیشە ئەولەوییەتی یەکەمی کاری حیزبی بوو.

 لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆی هەڵکەوتبا، لە گوندەکان، لە مووچە و مەزراکان، لە مزگەوت و دیوەخان و لە هەر شوێنێکی دیکە بوایە، سەبارەت بە سیاسەتەکانی ڕۆژ و مەسەلە جۆراوجۆرەکان بۆ خەڵک دەدوا و قسەی دەکرد.

ساڵی ١٣٧٠ هەتاوی لە لایەن رێبەریی حیزبەوە بەرپرسایەتی کۆمیتەی شارستانی بۆکانی پێ دەسپێردرێ

 لەو ئەرکە تازەشیدا، بە ئەزموون و تاقیکردنەوەیەک کە لە ژیانی سیاسی و خەباتگێڕانەی دا کۆی کردبۆوە لە کۆمیتەکانی پیرانشار و شنۆ، توانی سەرکەوتوو بێ. گرنگترین ئەرکی کاک لوقمان لەو دەورەیەدا بریتی بوو لە  پێکهێنانی هاودەنگی و هاوئاهەنگی لە نێوان کۆمیتەی شارستان و هێزدا. لەوکارەشی دا سەرکەوتوبوو

 لە هەموو  چالاکی تەشکیلاتی، سیاسی، تەبلیغاتی و نیزامییەکانی ئەو دەورەیەی کۆمیتەی شارستانی بۆکاندا، بەشداری چالاکانه‌ی هه‌بووه‌.

 لە کۆنگرەی دەهەمی حیزبدا بە ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ. لەو قۆناخەشدا ئەرکی جێگرێ بەرپرسی کۆمسێۆنی سیاسی نیزامی پێ دەسپێردرێ. لەو پۆستە حەساس و گرنگەشیدا کاک لوقمان بە لێوەشاوەییەوە ئەرکە حیزبیەکان  ڕادەپەڕێنێ و ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆی لە بواری کاری تەشکیلاتی و نیزامی و سازماندەهیدا دەخاتە خزمەت کۆمیسێۆن و ڕێبەری حیزب.

ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بە گوێرەی زەروورەتێک کە بۆ حیزب هاتبووە گۆڕێ، جارێکی دیکە لەسەر داوای ڕێبەری حیزب بەرپرسایەتی کۆمیتەی شارستانی شنۆی پێ دەسپێردرێ. لەو قۆناخەشدا کاک لوقمان هەموو تواناکانی خۆی دەخاتە گەڕ تا بتوانێ وەزعی تەشکیلات و چۆنیەتی ئیدارەی ئەو کۆمیتەیە رێکوپێک بکات بە جۆرێک کە وەڵامدەری قۆناخی تازەی تێکۆشانی حیزب و چاوەڕوانیەکانی حیزب بێت

 لەهەموو جەولە و چالاکییە سیاسی و نیزامییەکانی حیزب لەو ناوچەیەدا بەشداری دەکات و ئەرکەکانی خۆی بە باشی ڕادەپەڕێنێ. هاودەنگی تەواو لە نێوان کۆمیتەی شارستان و هێزدا پێکدێنێ. وەک هەمیشە دەبێتە جێگای رێز و خۆشەویستی و متمانەی کادر و پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەی شنۆ.

 ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی و دوای تێکەڵکردنی کۆمیتە شارستانەکان و پێکهێنانی ناوەندەکان، تا کۆنگرەی ١١ی حیزب وەک بەرپرسی ناوەندی ٣ی کوردستان دیاریدەکردێ و لەوێ دەمێنێتەوە.

هەموو تواناو لێوەشاوەییەکانی خۆی بۆ رێکوپێک کردنی کارووباری ناوەندی ٣ی کوردستان تەرخان ده‌کات و بە ڕووسووری لەژێر باری ئەو بەرپرسایەتییەشیدا دێتەدەر.

 لە کۆنگرەکانی ٩، ١١ و ١٢ی حیزب وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و لەکۆنگرەکانی ١٣، ١٤ و ١٥ی حیزبدا وەک ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی متمانەی ئەندامانی کۆنگرە بەدەست دێنێ و لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبدا دوای ئاڵووگۆڕ لە ساختاری ڕێکخراوەیی حیزبدا وەک ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزب لەلایەن بەشدارانی کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێ و دواترین بەرپرسایەتیشی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسیی بوو.

 لەو ماوەیەدا لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا بەرپرسایەتی جۆراوجۆر بە ئەستۆ دەگرێ. دەتوانین گرنگترینی ئەو بەرپرسایەتییانە بەو جۆرەی خوارەوە دەستنیشان بکەین.
ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی
جێگری كۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی
جێگری بەرپرسی کۆمیسێۆنی کۆمەلایەتی
بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب
بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزب
بەرپرسی کۆمیسێۆنی ڕادیۆ
بەرپرسی ناوەندی ٢ی کوردستان

لە کۆنگرەی ١٦ی حیزب وەک  ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزب  دیاری دەکرێ. دواتریش وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی هەمان ناوەند دەستنیشان دەکرێ و تا دواساتەکانی ژیانی پڕ لە شانازی و سەربەرزانەی ئەرکی حیزبی  خۆی لەو بەرپرسایەتییەدا ڕادەپەڕێنێ

بە داخەوە پاش مانگێک بەربەرەکانی دەگەڵ نەخۆشی کۆڕۆنا ڕۆژی٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی گیانی پاکی بە بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێرێ.

ئەو شەڕو عەمەلیاتانەی کە کاک لوقمان ڕاستەوخۆ بەشداری چالاکانەی تێدا هەبووه‌ بریتین لە:

شه‌ڕی چیانه‌ 

لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی دوژمن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی جادەی سەردەشت- پیرانشار، هێزێکی چەندین هەزار کەسی بە هەموو جۆرە چەکێکەوە بەرەو گوندی چیانە وەرێخست. کادرەکانی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هێزی ئاوارە  و هێزی به‌رگری میللی بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە. بەسەدان کەس لەو شەڕەدا لە هێزی دووژمن دەکوژرێن و بریندار دەبن. کاک لوقمان کە ئەودەم بەرپرسی کۆمیتەی بەربنە دەبێ، لەگەڵ لکی یەک لەو شەڕەدا بەشداری دەکات.
کاک لوقمان لەو شەڕەدا ورە بە کادر و پێشمەرگەکان دەبەخشێ و بۆ بەربەرکانی هانیان دەدات و ئازایه‌تی له‌ خۆ نیشان ده‌دات، شایانی باسە ئەو شەڕە چەند مانگ درێژە دەکێشی تا دوژمن دەگاتە دەشتی وەزنێ. لە چه‌ندین  شەڕ و تێکهەڵچوونی دیكه‌دا کاک لوقمان بەشداری دەکات و ڕۆڵێکی چالاکانە دەگێڕێ.                                                           

شەڕی شێلمجاران 
ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی کادرەکانی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هێزی ئاوارە  بۆ پووچەڵکردنەوەی پەلاماری رێژیم و بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک دەست دەکەن بە جەولەیەکی سیاسی نیزامی لە ناوچەکانی پیرانشاردا. ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٦٣ی هەتاوی پێشمه‌رگه‌كان لە گوندی شێلمجاڕان دەمێننەوە. دوژمن کە هەست بە بوونی پێشمەرگەکان لەو شوێنە دەکات. سەعاتی  شەشی سەرلەبەیانی هێرشێکی پان و بەرین لەژێر ڕەهێڵەی ئاگری شەستتیری هێلیکۆپتێر،تۆپ و خومپارەدا دەستپێدەکات. لەو شەڕەدا کە تا ئێوارێ دەکێشێ، دەیان پەلاماری دوژمن تێک دەشکێ. شەڕ تا سەعاتی شەشی ئێوارێ بۆ  ماوەی ١٢ سەعات درێژەی دەبێ. دوژمن زیانێکی زۆری گیانی و ماددی  وێدەکەوێ. دەیان قەبزە چەک و چۆڵی دوژمن لە مەیدانی شەڕدا بەجێ دەمێنن.
 
دوژمن بە جۆرێک ئابڵۆقه‌ی ئەو دێیەی دابوو کە بە هیچ جۆر ئیمکانی پاشەکشەی پێشمەرگەی نەهێشتبۆوە. لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە دڕێژایی ئەو شەڕو  بەربەرەکانی و حەماسەیه‌دا، کاك لوقمان ورە بە خەڵک و پێشمەرگەکان ده‌دا، مه‌شوه‌ڕەتی بە فەرماندەهێز و سەردەستە و سەرلکەکان ده‌كات. چاوه‌دێری به‌ره‌كانی شه‌ڕی دەکرد و پارێزگاری لە بریندارەکان دەکرد. وەک کادرێکی لێوەشاوەی سیاسی و تەشکیلاتی ڕۆڵی دەگێڕا و خۆی نیشان دەدا.

شەڕی بنلیسان و گاده‌ران لە ناوچەی شنۆ

لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا كاتێک نه‌مر لوقمان مێهفه‌ر وه‌ك به‌رپرسی كۆمیته‌ شارستانی شنۆیه‌       دیاری ده‌كرێ و شه‌هیدی نه‌مر فه‌رمانده‌ هه‌مزه‌ بێهنامیش وه‌ك فه‌رمانده‌ری هێزی كێله‌شین له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌ندی شیمالی كوردستان و هێزی ئاگری به‌ره‌و ناوچه‌ی تێكۆشانیان وه‌ڕێده‌كه‌ون، كاتێك ده‌گه‌نه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی گه‌ڵی گاده‌ر، به‌داخه‌وه‌ خه‌به‌ری دڵته‌زێنی شه‌هید بوونی ڕێبه‌ری بلیمه‌تی حیزبه‌كه‌مان دوكتۆر قاسملووی نه‌مر له‌ "ڕادیۆ ده‌نگی كوردستان" بڵاو ده‌بێته‌وه‌، دروست له‌وكات و ساته‌دا دوژمنانی داگیركه‌ری كوردستان له‌ژێر ڕەهێڵه‌ی تۆپ و خۆمپاره‌بارانی بێپسانه‌وه‌ هێرش بۆ سه‌ر كادر و پێشمه‌رگه‌كان ده‌ست پێده‌كەن. پێشمه‌رگه‌كانی هێزی كێله‌شین زه‌برێكی گورچوبڕ له‌ دوژمن ده‌وه‌شێن و ١٨ كه‌سیان لێ به‌ دیل ده‌گرن، هێزی کێلەشین به‌ هاوكاری كادر و پێشمه‌رگه‌كانی شیمالی كوردستان چه‌ندین هێرشی دیكه‌ی ڕێژیم تێكده‌شكێنن و ڕێژیم به‌ كوژرا و برینداری زۆره‌وه‌ مه‌جبوور به‌ پاشه‌كشه‌ دەکەن. له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌ تاكوو ئێوارێ درێژه‌ی ده‌بێت نه‌مر لوقمان مێهفه‌ر ڕۆڵی كاریگه‌ری خۆی ده‌گێڕێت و چه‌ندین كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ تیرۆری ناجوانمێرانه‌ی شه‌هید دوكتۆر قاسملوو بۆ كادر و پێشمه‌رگه‌كان و خه‌ڵكی ناوچه‌ی شنۆیه‌ پێكدێنێ و وره‌یان پێده‌به‌خشێت.

گرتنی مۆڵگه‌ی ئاخی‌چەکان 

ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی شەهید لوقمان وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی شنۆ، هاوڕێ لەگەڵ فەرماندەی ئازا و بە بەرنامە ،کاک حاجی جوندی گەڵاڵەیەک بە مەبەستی گرتنی مۆڵگه‌یه‌كی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە ئاخی‌چەکان، کە بە یەکێک لە بنکە گرنگ و ستراتیژیی‌یەکانی رێژیم دادەنرا، دادەڕێژن. پاش شوناسایی و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و هەمەلایەنە لەسەر دوژمن و هەڵکەوتی پایەگایەکە، سەعاتی ١٢ی نێوەڕۆیە هێرش دەکەنە سەر پایەگاکە. پاش بەربەرەکانێیەکی زۆر کەم مۆڵگه‌کە بە تەواوی دەکەوێتە بندەستی پێشمەرگەکانی هێزی کێلەشین.

لەو شەڕەدا پتر لە بیست کەس بە دیل دەگیردرێن. بە دەیان کەس لە هێزەکانی رێژیم دەکوژرێن و بریندار دەبن. بە ڕادەیەکی زۆر چەک و چۆڵ و تەقەمەنی و ماشێن‌ئالات  بە دەستکەوت دەگیردرێن. لەو شەڕەدا کاک لوقمان شان بە شانی کاک حاجی جوندی لە هەموو قۆناخەکانی عەمەلیاتەکەدا ڕۆڵی بەرچاوی خۆی دەگێڕێ.

هێرشی رێژیم بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسی و کەمپی بنەماڵەی پێشمەرگەکان لە کۆیە

ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی کاتێک سپای پاسداران هێرشی کردە سەر بارەگاکانی ڕێبەریی حیزب لە باشووری کوردستان و دەستی بە تۆپ و خومپارەبارانی بنکە و بنیاتەکانی ڕێبەریی حیزب و بنەماڵە ئاوارەکانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات لە کۆیە کرد، کۆمیتە شارستانەکانی شنۆ و ورمێ و هێزەکانی کێلەشین و ئاگری یەک دەگرنەوە و بڕیاردەدەن لە قوڵایی ناوچەی شنۆیەدا جەولەیەکی سیاسی نیزامی بەڕێوە بەرن و بە تۆڵەی ئەو پەلامارەی رێژیم، زەبرێک لە دوژمن بدەن. بۆ ئەو مەبەستە لە باخەکانی دەورروبەری گوندی نەرزیوێ دەمێننەوە و بۆسە بۆ دوژمن دادەنێن. سەرەنجام بە پێی بەرنامەیەکی لە پێشدا ئامادەکراو لە دوژمن وەدەست دێن. بەمجۆرە شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم دەستپێدەکات. هەرچەند رێژیم بەردەوام هێزی تازەنەفەس دێنێتە مەیدانی شەڕ، بەڵام هەموو جارێ تێکدەشکێ. لەو شەڕەدا زیاتر لە سەدکەس لە هێزەکانی دوژمن دەکوژرێن و بریندار دەبن. پاش چەند كاتژمێر شەڕ و بەربەرەکانی قارەمانانە، پێشمەرگەکان بەسەرکەوتوویی شوێنی عەمەلیاتەکە بەجێ‌دێڵن و درێژە بە جەولەکەیان دەدەن. لەو شەڕەدا کاک لوقمان هاوڕێ لەگەڵ هاوڕێی تێکۆشەرمان کاک ڕۆستەمی جهانگیری و فەرماندەکانی دیکە، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن.

کاریگەری و بەشداری چالاکانە لە "ڕاسان"؛ وەرزی نوێی خەباتی حیزبەکەماندا

لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ی هه‌تاویدا، حیزبی ئێمە بڕیاری "ڕاسانی خۆرهەڵات"ـی ڕاگەیاند. بڕیاریدا خەباتی شار و شاخ لێکگرێبدا. بۆ ئەو مەبەستە دەبوایە پێشمەرگەکان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان جێگیر بکرێنەوە. لە هەموو قۆناخەکانی ئامادەکردن و جێبەجێ کردنی ئەو پرۆژە نوێیەی حیزبدا، کاک لوقمان بەشداری کاریگەری هەبووه‌.

ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی کاک لوقمان کە بەرپرسی ناوەندی ٢ی کوردستان بوو، هاوڕێ لەگەڵ فەرماندەی بەوەجی حیزبەکەمان کاک "سەید عەزیز نیکجویان" و باقی کادرو پێشمەرگەکانی دیکەی ئەم ناوەندە، جەولەیەکی سیاسی و نیزامی کارایان لە قوڵایی ناوچە جۆراوجۆرەکانی موکریاندا بەڕێوەبرد. هەر چەند کاک لوقمان لەباری توانای جەستەیی و هەڵکشانی تەمەنیەوە، ئاسان نەبوو کە لە جەولەیەکی ئاوادا تاقەت بهێنێ بەڵام ورە و ڕۆحیاتی بەرزی شۆڕشگێڕانە و ئیرادە و ئیمانی پتەوی بە ڕێبازی دێموکڕات ئەو وزە و توانایەی پێبەخشی کە پێ بە پێی هەنگاوی کادر و پێشمەرگەکان پێدەشت و چیا و شیوەکانی ناوچەکانی موکریان و بانە و سەردەشت و ڕەبەت بپێوێ و دیدار لەگەڵ خەڵکی کوردستانی تینووی دیتنی سیمای دلێرانەی پێشمەرگە، نوێ بکاتەوە.

ئەوان بۆ ماوەی پتر لە مانگێک لە ناوچەدا مانەوە و لە زۆر شوێن  توانیان دیدار لەگەڵ خەڵک بکەن و پەیامی ڕاسان بە گوێی خەڵک بگەیەنن. لە هەموو کار و چالاکی سیاسی و تەشکیلاتی و تەبلیغاتییەکانی و نیزامییەکاندا، کاک لوقمان ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

ڕۆڵی کاک لوقمان لە کاری تەشکیلاتی و رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکدا

کاک لوقمان بە درێژایی ژیانی سیاسی و حیزبییانەی خۆیدا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی پیرانشار و شنۆ و بۆکان و لەو ساڵانەی دواییشدا لە ناوچەکانی مەهاباد و سەردەشت و بانە و ڕەبەتدا، لە ئاکامی کار و تێکۆشانی بەردەوامدا، ئەزموونێکی زۆری لەکاری تەشکیلاتی و رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکدا وەدەستهێنابوو. ئەمەش ئەوی کردبوو به‌ کادرێکی لێوەشاوەی حیزب و رێبەرێکی به‌ ئه‌زموون له‌ هه‌موو بواره‌كانی خەباتدا ،به‌ هۆی خۆشناوی له‌ ده‌رگای هه‌ر ماڵێكی دابا و پێوه‌ندی به‌ هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ گرتبا، وه‌رده‌گیرا و جێگای متمانه‌ی ته‌شكیلات و خه‌ڵك بوو. 

 لە دەیان تیمی تەشکیلاتیدا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا حزووری هەبوو یان ئەوانی لە هەلومەرجە سەختەکاندا هیدایەت کردبوو.

بەهۆی وریایی و لێزانی و وردبینی، ئەو تیمە تەشکیلاتیانەی کاک لوقمان لەگەڵیان بوو یا لە ژێر هیدایەتی ئەودا بوون، کەم وا هەبوو زەربە بخۆن.

پێوەندیەکی بەرینی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی قوتابخانەکان، عەشیرەتە نیشتمانپەروەرەکان، خاوەن مڵکە نەتەوەییەکان، بازاڕیان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیداندا هەبوو.
لەهەر کوێ دەرفەتی بۆ هه‌ڵكه‌وتبا، کۆڕوکۆبوونەوەی گشتی و جەماوەری بۆ خەڵک پێک دەهێنا. سیاسەتەکانی حیزبی بۆ خەڵک ڕووندەکردنەوە و پیلانەکانی رێژیمی بە دژی خەڵک و بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لەقاو دەدان.

پێوەندیی بەرینی کۆمەڵایەتی کاک لوقمان و بنەماڵەکەی لەگەڵ خەڵک

کاک لوقمان بە حوکمی ئەوەی که‌ کادرێکی ناسراوی حیزب بوو، سیمایەکی خۆشناوی حیزبی بوو، پێوەندییەکی بەرینی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان و بەدەنە و جەماوەری حیزب هەبوو. خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی هاوسەری شۆڕشگێڕی، هەمیشە دەرگای ماڵیان بۆ هەموو ئەو کەسانە ئاوەڵا بوو کە پێویستیان بە یارمەتی ئەوان بوو.

 ماڵی کاک لوقمان ماڵی باوکی هەموو پێشمەرگە  سەڵتەکانی حیزب بوو. زۆربەی پێشمەرگە بە تەمەن و بەساڵداچووەکانی حیزب لەوێ دەحەسانەوە.

هەر بنەماڵەیەک لە ڕۆژهەڵاتەوە بە هەر هۆیەکەوە هاتبا بۆ لای حیزب، کاڵەی غەریبی لە ماڵی کاک لوقمان دەکردوەوە.

بەشێک لە نوێنەرانی کۆنگرە کە روویان دەکردە بنکەکانی ڕیبەری حیزب لە ماڵی کاک لوقمان دەگیرسانەوە.

زۆربەی بنەماڵەی شەهیدان کە ڕوویان دەکردە بنکەکانی رێبەری حیزب لە ماڵی کاک لوقمان لەلای خوشکە خەدیجە دەمانەوە.

 بنەماڵەی کاک لوقمان و دڵسۆزییان بۆ خەڵکی کوردستان

بنەماڵەی کاک لوقمان بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و خەباتگێڕن. کاک لوقمان لە داوێنی بنەماڵەیەکی ئەوتۆدا چاو بە دونیا هەڵدێنێ.

باوکی کاک لوقمان یەکێک لە فەرماندەرانی کۆماری کوردستان بووە.

کاک لوقمان زاوای مامۆستا مەلا عەبدولرەحمانی لاهیجانی بوو. مامۆستا لە ئەندامانی کۆمەلەی "ژێکاف) و لە تێکۆشەرانی جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦  و ٤٧ی هەتاوی بوو. ساڵانێکی زۆر لە زیندانەکانی رێژیمی شادا لەسەر کار و تێکۆشانی حیزبی زیندانی کرابوو.
کاک مراد کاڕەش، کوڕی تاقانەی مامۆستا، کە پێشمەرگەیەکی قارەمانی حیزب بوو، لە شەڕ لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمدا شەهید بوو. لە کاتی شەهیدبوونی کاک مراددا، دایە مەلاژن وەک شێرەژنێک کە دەچێ تەرمی کاک مراد لە سوپای پاسداران وەرگرێتەوە، بۆی ناگریەت و لە ماڵەوە بەدەستی خۆی کفنی دەکات و تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستانی دەکات.

 مامۆستا تا دواهەناسەی ژیانی لە ریزەکانی حیزبدا مایەوە و دەستی لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرت.

دوای شەهید بوونی کاک مراد دایه‌ مەلاژن زۆر بەسەختی سەرپەرستی منداڵەکانی کاک مراد دەکات و بە هەژاری و نەداری گەورەیان دەکات. دواتر ئەویش لە کاتی سەردانی ماڵی شه‌هید لوقمان مێهفه‌ر لە بنکەکانی رێبەری حیزب کۆچی دوایی دەکات.
شەهید ڕەسوڵ محمەدزادە بەرپرسی فێرگە و كادری لێوه‌شاوه‌ی حیزبه‌كه‌مان و هاوسەری کەنێرە خاتوون، کچی کاک لوقمانی نەمر، لە شەڕ لەگەڵ  "داعش"دا شەهید دەبێت. ناوبراو کوڕێکی بە ناوی ئارسان لە پاش خۆی بەجێده‌هێڵێ.

خۆپێگەیاندن

یەکیک لە ئەرکەکانی ئەندام و کادرێکی باشی حیزبی بریتییە لە خۆپەروەردەکردن. کاک لوقمان بەڕاستی لەو بوارەدا سەرکەوتوو بوو. ئەو ئەگەر لە سەرەتای تەمەنی لاوییەوە نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدا و هاتە نێو شۆڕش، دواتر سه‌ره‌ڕای به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی حیزبی، توانی درێژە بەخوێندن بدات و لیسانسی حقوق وەدەست بێنێ و ببێتە پارێزەر.

 ناوبراو گەلێک بابەتی سیاسی و ئاکادیمی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نووسیوون. گەلێک وتار و بابەتی بۆ رۆژنامەی کوردستان و بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان و چاپەمەنیەکانی دیکەی حیزب بڵاوكردۆته‌وه‌.
 
ئەو کتێب و لێکۆڵینەوانەی بە چاپ گەیاندوون: (خەبات لە پێناوی ئازادی‌دا)،  (میکۆنوس بکوژانی شەرەفکەندی ڕیسوا دەکات)، ئەلبوومی شەهیدانی حیزب و گەل له‌ سێ به‌رگدا و چه‌ند نامیلکەی ناوخۆیی.

کاک لوقمان و پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی

کاک لوقمانی نەمر باوەڕی تەواوی بە بەرانبەری و یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەبوو. ئەوەشی لە ریزەکانی حیزب و لە نێو بنەماڵەی خۆیدا پیادە دەکرد. هیچ جیاوازیەکی لە نێوان کوڕ و کچەکانیدا نەدەکرد

منداڵەکانی هاندەدا بخوێنن. بە خۆشیەوە هەموو منداڵەکانی له‌ بواری خوێندنه‌وه‌ به‌ ئاكامی دڵخوازی خۆیان گه‌یشتوون.

هانی کوڕو کچەکانی دەدا لە ریزەکانی حیزبدا کار و خەبات بکەن و بەرپرسایەتی قبووڵ بکەن. زۆربەی کوڕ و کچەکانی کاک لوقمان لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا کار و تێکۆشانیان هەیە و هەبووە.

خسڵەتە بەرزە ئینسانی و شۆڕشگێڕییەکانی وەک ئەمانەتداریی، دڵسۆزی، سەداقەت، دەست و داوێنپاکی لە منداڵەکانی خۆیدا پەروەردە دەکرد. منداڵەکانی فێری خۆشەیستی گەل و نیشتیمانپەروەری دەکردن.       

سیفات و تایبەتمەندییە شۆڕگێڕییەکانی کاک لوقمان

کاک لوقمان لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا بە ڕاشکاوی بەڵام زۆر بەنەرمی و بە مەتانەتەوە نەزەری خۆی لەسەر مەسەلەکان دەردەبڕی و ئیستدلالی بۆ چەسپاندنی بۆچوونەکانی خۆی دەکرد.

بە زمانێکی حەکیمانه‌ و دیپڵۆماتیک ڕەخنەی دەگرت، ڕەخنەشی بە دڵێکی ئاوەڵاوە وەردەگرت و گوێی بۆ تێبینی و پێشنیاری هاوڕێ و هاوکارانی دەگرت و بەپێی مەنتیق و لێوردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی واقعبینانە پێشنیارەکانی جێبەجێ دەکردن.

شەو و ڕۆژ خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکی حیزبی بوو. ماندووبوونی نەدەناسی. بۆ حیزبایەتی و پێشمەرگایەتی لەدایکببوو.

لەگەڵ هاوڕێ و هاوکار و هاوسەنگەرانی بەوەفا و سادق و دڵسۆز بوو. لە خەمی دۆست و هاواڵانیدا بوو.

لەسەرکەوتن دا قەت لە خۆیی بایی نەدەبوو، هەر بەو شێوەیە لە شکان و پاشەکشەشدا قەت نائومێد نەدەبوو. ئەو دەیزانی ڕێی خەبات دڕێژە، بەڵام سەرەنجام سەرکەوتن هی گه‌له‌كه‌مانه‌.

کەسێکی بە ویقار و بە شەخسیەت و دەست و داوێنپاک بوو. دەم بە بزە و رووخۆش و بە دیسیپلین و خاوەن بیروباوەڕی حیزبی و نیشتیمانپەروەرانە بوو.

تەکڕەونەبوو، ئەهلی کاری دەستەجەمعی و مه‌شوه‌ڕەت بوو. هەمیشە تابعی بڕیاراتی حیزب و کۆدەنگی رێبەری حیزب بوو.

لە نوسین و خۆپێگەیاندن و موتاڵەعە و خوێندنەوە قەت غافڵ نەبوو.

ماڵەکەی مه‌کۆی کۆبوونەوەی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو. میهرەبان و کراوە و میواندۆست بوو.

لەگەڵ دۆست و جیران و هاوکارەکانی هەمیشە سەمیمی و به‌ برایانه‌ دەژیا.

بەمجۆرە بۆمان دەردەکەوێ کە بەڕاستی ژیان و عومری کاک لوقمان ژیان و عومرێکی واتادار و پڕ لە سەروەری بووە.

له‌ چله‌ی شه‌هید لوقمان مێهفه‌ردا په‌یمان نوێده‌كه‌ینه‌وه‌ تا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری به‌ سه‌ر داگیركه‌رانی كوردستاندا، وه‌فادار به‌ ڕێگا و رێبازی بین.

یادی بەخێر و ناو و رێبازی هەروا بەردەوام بێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.