کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چل هەزار مینی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن پووچەڵ کرانەوە

17:51 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: زیاتر لە چل هەزار مینی چێندراوی حووسییەکانی یەمەن و هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، هەڵگیراون و پووچەڵ کراونەتەوە.

هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن، بە هاوکاریی هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لە وڵاتە، لە درێژەی ئاژاوگێڕییەکانیاندا، جیا لەوەی کە ڕۆژانە دەیان شوێنی گشتیی ناوچە کێشە لەسەرەکان کە شەڕ و ئاژاوەیان تێدایە، دەکەنە ئامانج، تاوانی دژەمرۆڤانە و کارەساتباری مرۆڤایەتی لە وڵاتی یەمەن دەخولقێنن.

بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی وڵاتی یەمەن، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییە ئاژاوەگێڕەکانی ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە چەند هێکتار لە ناوچەکانی ئەو وڵاتەیان مینڕێژ کردووە.

لەم پەیوەندەییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای نیشتمانیی یەمەن ڕاگەیەندراوێکی ڕووبە ڕای گشتیی جیهان و ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان بڵاو کردووەتەوە و تێدا ئاماژەی بە هەڵگرتن و پووچەڵکردنەوە زیاتر لە چل هەزار مینی جۆراوجۆر لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە کردووە.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "هێزە سەربازییەکانی یەمەن بە هاوکاریی تیمەکانی کارناس و پسپۆڕی هەڵگرتنەوەی مین سەر بە هاوپەیمانەتیی نێونەتەوەیی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستانی سعوودی، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، بەگشتی زیاتر لە حەوت هەزار مینی جۆراوجۆریان لە ناوچە جیاوازەکانی شاری "حەجە" هەڵگرتووە و پووچەڵ کردووەتەوە".

پێشتریش، محەمەد ڕەدمان، فەرماندەی بەشی ئۆپراسیۆنی هێزەکانی سپای نیشتمانیی یەمەن، باسی لە پووچەڵکردنەوەی زیاتر لە ۳۲ هەزار مینی چێندراوی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکانی تری ئەو وڵاتەدا کردبوو.

هەواڵدەرییەکانی سەربە ناوەندە سەربازییەکانی وڵاتی یەمەن لەم بارەوە، لە چەندین ڕاپۆرتی جیاوازدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لە چاندنی ئەو مینانە و ڕاهێنان بە هێزە میلیشیا حووسییەکان لە چاندنی میندا، ڕایانگەیاندووە، جیا لەوەی کە زیاتر لە چل هەزار مینی جۆراوجۆر لە ناوچە جیاوازەکانی یەمەندا هەڵگیراون و پووچەڵ کراونەتەوە، هێشتا زیاتر لە یەک میلیۆنی دیکە لە مینە چێندراوەکان ماون و هەڵنەگیراونەتەوە.

چاندنی مین لە کاتی شەڕدا و بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەکان لە لایەن کۆنواسیۆنی دژەشەڕی سەر بە شۆرای ناوەندی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغە کراوە و ڕێژیمی ئێرانیش ئەو کۆنواسیۆنەی واژۆ کردووە و تێدا ئەندامە، بەڵام وێڕای پێشێلکردنی یاساکانی ئەو کۆنواسیۆنە، بە هیچ یاسا و ڕێسایەکی تری نێونەتەوەیی پێبەند نییە.