کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار ئەندامی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە سووریە کوژران

15:01 - 24 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: چوار ئەندامی دیکەی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەرگری کردن لە بەشار ئەسەد و ڕێژیمەکەی چووبوونە سووریە، لە تێکهەڵچوونەکانی ئەو وڵاتەدا کوژران.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، ٤ ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە سووریە کوژراون.

هەنووکە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران و بەسیج لەژێر ناوی گرووپی \'\'پارێزەرانی حەرەمی زەینەب\'\' لە سووریە لە تەنیشت بەشار ئەسەد لە دژی دژبەرانی ئەو ڕێژیمە شەڕ دەکەن.

ماوەیەک لەمەوبەر حوسێن هەمەدانی، پیاوی ژمارە ٢ی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شاری حەلەبی سووریە، لە لایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئەسەدەوە کۆژرا.

سپای پاسدارانی رێژیم، وەکوو یەکێک لە گرینگترین هێزەکانی دەرگیر لە سووریە، بە مەبەستی مانەوەی تاقە هاوپەیمانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەو وڵاتەدا حزووری هەیە و لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە هەتا ئێستا، دەیان کەس لە هێزەکانی پاسداران کوژراون.

دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد لەو بڕوایەدان کە هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە، ڕاستەوخۆ لە شەڕدان هەتا بەرگری لە مانەوەی بەشار ئەسەد بکەن.

هەتا ئێستا چەندین جار وڵاتانی عەرەبی، یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا لەهەمبەر دەستێوەردانی نیزامیی ڕێژیمی ئیران لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا و پاڵپشتیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێران حەوتوویەک لەمەوبەر ‌هێزی نیزامیی ڕەوانەی سووریە کردووە.