کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەرەوەی ڕێژەی هەژاریی لە ئێراندا

11:28 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژەی کەسە هەژارەکان و خەڵکی نەدار لە ئێراندا، بە هۆی سیستم و سیاسەتی ئابووریی هەڵەی ڕێژیم، ڕۆژ لەگەڵ ڕووی لە هەڵکشانە.

ئەکبەر تورکان، ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیم، لە دوازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەییی مودیرییەتی ستراتیژیک لە پێوەندیی لەگەڵ دۆخی ئابووریی وڵات لە هەلومەرجی هەنووکەیی، باسی لەوە کردووە: بارودۆخی ئاستی گەشەی ئابووریی ئێران لە خوارە و  لە بیاڤی دامەزراندن و کاردا لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی بێکاریی بەرەوڕووین و نزیک بە ٤ میلیۆن بێکاری خوازیاری کارمان لە ئێراندا هەیە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەگەر ئێمە بە هەموو توانامانەوە هەوڵ بدەین، دەتوانین لە ساڵدا تەنیا ٧٠٠ هەزار هەلی کار بڕەخسێنین، کە لەگەڵ ڕێژەی بازنەی دامەزراندنی خوازیارانی کار، کە ساڵانە چاوەڕوانی هاتن بۆ نێو بازاڕی کارن، یەک ناگرنەوە. 

ناوبراو بە ئاوڕدانەوە بە گۆڕینی دابەشکردنی سامانە گشییەکان، باسی لەوە کردووە: لە ئێستەدا دوو بەشێکی دیکە هاتووەتە سەر بەشە هەژارەکانی کۆمەڵگا و چینی مامناوەندی کۆمەڵگا لە ٦ توێژەوە بۆ ٤ توێژ دابەزیوە، لە حاڵێکدا داهاتیان نیوە کراوە.

دۆخی ژیان و ئابووریی خەڵکی ئێران، هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئاخوندیدا، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو خراپتربوون و شپرزەیی دەڕوات و بەپێچەوانەی ئەو بڕیارانەی کە بە خەڵکیان دەدا هەنگاویان هەڵگرتووە و ئاستی بژێوی ژیان گەیشتووەتە قۆناغێک کە بەشێکی زۆری خەڵكی ئێران لە برسییەتیدا دەژین و بۆ تێرکردنی خۆیان پەنا بۆ زبڵدان و پاشماوەی خواردنەکان دەبەن.