کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆمی "گادەر" بەرەو لەنێوچوون دەچێت

09:52 - 20 سەرماوەز 2721

ماوەی چەند ساڵێکە ژمارەیەک شیرکەت بە مۆڵەتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت بەرپرسانی "شارەداری لە شاری "شنۆ"، خەریکن خیز و چەوی چۆمی گادەر دەردەهێنن.

دەرهێنانی ئەو خیز و چەوە زیانێکی زۆری بە چۆم و زەوییەکانی دەوروبەری گەیاندووە، هەر لەو پەیوەندییەدا و بۆ پێشگرتن لە تێکدانی ژینگەی ئەو چۆمە کەمپەینێک لەو شارە ڕێک خرا و هەتاکوو ئێستا ٩ هەزار کەس لە دانیشتووانی خەڵکی شارەکانی "شنۆ و نەغەدە" پشتیوانییان لێ کردووە.

بەرپرسی ئەو کەمپەینە وتوویەتی کە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی توانیویانە پیش بە ڕاگرتنی مۆڵەتی دەرهێنانی خیز و چەو لە چۆمی گادەر بگرن.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ڕاگرتنی مۆڵەتی دەرهێنانی خیز و چەو لەو چۆمە، دیسان بە نایاسایی و بەتایبەت شەوانە لە دەرهێنان و ڕاگواستنی ئەو خیز و چەوە بەردەوامن.

سەرچاوەی ئاوی "گادەر" لە ڕۆژاوای شاری "شنۆ" و بەرزایی سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشور هەڵکەوتووە و لە وەرزی پڕئاویدا، ئاوی کشتوکاڵی دەیان گوندی "شنۆ و نەغەدە" هەروەها گۆلی "ورمێـ"ـی دابین دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئاوەکەی بە ڕێژەیەکەی بەرچاو کەمی کردووە و بەستێنەکەشی خەریکە وشک دەبێت.