کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین یارمەتی بە "ئاستانی قودسی ڕەزەوی" دەدات

13:50 - 22 بانەمەڕ 2720

لە حاڵێکدا کە ناوەندە گشتییەکانی ئێران پێویستییان بە یارمەتییە، چین یارمەتی بۆ ئاستانی قودسی ڕەزەوی کە ناوەندێکی ئایدۆلۆژیکیی ڕێژیمی ئێرانە دەنێرێت.

وڵاتی چین ٣ دەزگای پزیشکی بۆ ئەنجامدانی "سکەن" لەسەر کەسانێک کە ئەگەری هەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێتن بە "ئاستانی قودسی ڕەزەوی" داوە.

ئەو دەزگایە کە وەکوو دەرگای چوونەژوورەوەیەک کار دەکات، کەسانێک کە بیانهەوێت بچنە نێو شوێنێکی داخراوەوە دەبێ پێیدا تێپەڕن، هیچکام لە ناوەندە گشتییەکان نییانە و دیار نییە کە وڵاتی چین بۆچی ئاوا کەرەستەیەکی بەو ناوەندە بەهیز و دەوڵەمەندەی ڕێژیم داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ٣ گیتی سکەنی تەندروستیی پێشکەشیی چین دەدرێتە "ئاستانی قودسی ڕەزەوی" بۆ کونترۆڵی تەندروستیی زیارەتکەرانی خوراسانی ڕەزەوی.

لە ئێستادا زۆربەی شوێنە گشتییەکان لە ئێران کە وەکوو گرینگترین ئاخێزگەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناویان لێ براوە، ئاوا کەرەستەگەلێکیان نییە.

ئەو تەکبیرانەی ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی ناوەندە ستراتیژەکانی بیر و فیکری ویلایەتی فەقیهـ لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێرانی لەنێو کارەسات و چارەڕەشیدا نوقم کردووە و هیچ هەوڵێک بۆ دەربازکردنی خەڵک لەو دۆخە نادات.