پێشەوا ساڵحی
بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی خوێناویی نەتەوەی کورد و شێوازی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتە خۆسەپێنە یەک لە دوای یەکەکانی داگیرکەری کوردستان، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕوانگە و تێڕوانینی داگیرکەران هەمبەر بە خەڵکی کوردستان، ڕوانگەیەکی فاشیستانەیە.
ئەو شێوازە فکرییەتەی داگیرکەران و بەردەوامیی خەبات و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد، داگیرکەرانی کوردستانی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە یەکێک لە ڕێکارەکانی گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە کوردستان سڕینەوە یان تواندنەوەی نەتەوەی کوردە، کەواتە ئەوە گۆڕینی دێموگرافیای کوردستانە کە دەتوانن بەردەوام بن لە سەر داگیرکەری و جێبەجێکردنی پیلانە پاوانخوازی و فاشیستییەکانیاندا.
پێشتر داگیرکەرانی کوردستان لە ڕێگای کۆمەڵکوژی یان دوورخستنەوەی به کۆمەڵ و نیشتەجێکردنی خەڵکانێکی دیکە هەوڵی گۆڕینی دێموگرافیای کوردستانیان دەدا، بۆ نموونە: دوورخستنەوەی ٥٠ هەزار بنەماڵەی کورد بۆ باکووری خوراسان لە سەردەمی دەسەڵاتداریی شاعەباسی یەکم لە ساڵەکانی ١٥٩٨.١٦٠٢ی میلادی، کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەس و کاولکردنی ٤٥٠٠ گوند لە باشووری کوردستان لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٦.١٩٨٩ی میلادی و نیشتەجێکردنی عەرەب و تورکمانەکان لە گوند و شارە کوردییەکان لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە بە ڕێبەرایەتیی "سەدام حوسێن" و دەیان نموونەی هاوشێوەی دیکە.
بەپێی هەلومەرجی ئێستەی جیهانی مۆدڕن و شەرمەزارکردن و قەبووڵ نەکردنی هێندێک کردەوە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، شێواز و ڕێکاری داگیرکەرانی کوردستانیش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بووەتە هۆی ئەوە بە تاکتیک و ستراتیژیی نوێیەوە هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان کە هەمان تواندنەوە و لەنێوبردنی نەتەوەی کوردە.
کۆماری ئیسلامی کە یەکێک لە سەرەکیترین دوژمنانی مرۆڤایەتی و بەتایبەت نەتەوەی کوردە، هەر لە سەرەتای گەیشتن بە دەسەڵاتەوە هەتاکوو ئێستە هەوڵی گۆڕینی دێموگرافیای ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی لەسەردا پەروەراندووە و لەو پێناوەدا بەردەوام خەریکی پیلانگێڕی و پلانداڕشتن بووە بۆ سڕینەوە و لەنێوبردنی شوناسی نەتەوە جیاوازەکانی نیشتەجێ لە ژینگەی سیاسیی ئێران، بە مەبەستی پێکهێنانی نەتەوەیەکی یەکدەست لەسەر شۆڤێنیزمی نەتەوەی باڵادەست و ناوەندگەرا.
کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی دێموگرافیای ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، لە ڕەهەندگەلێکی جۆراوجۆر کەڵکی وەرگرتووە کە یەکێک لەوانە پێکهێنانی قەیران و قەیرانخولقێنییە بۆ گەلانی نیشتەجێ لە ژینگەی سیاسیی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کۆماری ئیسلامیی ئێران چل و یەک ساڵە بە پێکهێنانی ئابوورییەکی داڕماو و قەیراناوی بۆ زۆربەی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران کە جیاوازیی نەتەوەییان هەیە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندگەرا، بەردەوام لە هەوڵدایە کە بە پێکهێنانی ژیانێکی پڕ قەیران و کەشێکی بێ هیوایی، کاردانەوە لەسەر ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانە دابنێت، هەتاکوو هاندەرێک بێت بۆ کۆچکردن و بەجێهێشتنی زێد و نیشتمانیان بۆ ئەوەی ڕوو بکەنە ئەو شارانەی کە فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەی باڵادەست حاکمە و لەو ڕێگایەوە بتوانێت نەسڵەکانی داهاتوویان بە کولتوور و فەرهەنگی ساختەی نەتەوەی دەسەڵات بەدەست پەروەردە بکات و شوناسی ئەسڵیی خۆیان لە بیر بباتەوە، بەو کارەی هەم نەتەوەیەکی یەکدەست پێک دێنێت و هەم دەنگی ناڕزایەتیی نەتەوە جیاوازەکان کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن کپ و لاواز دەکات و ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دێموگرافیای ناوچەکەیان پێ بگۆڕێت بە قازانجی ڕێژیمی ناوەندگەرا و نەتەوەی باڵادەست.
تواندنەوەی نەتەوە جیاوازەکان لەلایەن نەتەوەی باڵادەست و ڕێژیمی ناوەندگەرای ئێرانەوە دیاردە یان سیاسەتێکی نوێ نییە بەڵکوو سەدان ساڵە لەلایەن دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان لە ئێراندا پلان و بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و بە هاتنە سەر کاری هەر دەسەڵاتێکەوە بە هەر بیرۆکە و ئایدۆلۆژیایەکەوە بەبێ جیاوازی بەردەوام و پێداگر بوون لەسەر درێژەپێدانی ئەو سیاسەتە.
دەتوانین ئاوا بڵێین کە شۆڤێنیزم و پانخوازیی نەتەوەی باڵادەست لە ئێراندا وەکوو میراتێک نەسڵ بە نەسڵ گوازراوەتەوە و وەکوو کولتوورێکی پێ هاتووە لە نێوانیاندا کە بووەتە هۆی ئەوەی کە وەکوو نەتەوەی دەسەڵات بەدەست ئاوەها باوەڕ و خەیاڵێکیان بۆ ساز بێت کە نەتەوەی باڵادەست خاوەنی ڕاستەقینەی خاکی ئێرانە و نەتەوەکانی دیکە گرێدراو و پاشکۆی نەتەوەی باڵادەستن و هەمیشە بە چاوی هاوڵاتییەکی پلە دووەم دەبێ سەیر بکرێن.
هەژاری و بێکاری، کەمبوونی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی ژێرخانێکی ئابووریی ئەوتۆ لەو شارانەی کە نەتەوەی جیا لە نەتەوەی باڵادەستی تێدا نیشتەجێن دەرخەری ئەو ڕاستییانەن.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.