کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆیی: گەمارۆوە مافی مرۆییەکان لەسەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڵنەگیرێن

11:52 - 30 رێبەندان 2721

٩ ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێرانی داوایان لە وڵاتانی لایەنی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن کردووە کە گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێران، یەک لەوان گەمارۆکانی سەر ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' هەڵنەوەشێننەوە.

ئەو ٩ ناوەندە مافی مرۆییە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕێبەندان بڵاویان کردووەتەوە، جەختیان کردووەتەوە کە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەهۆی بەرژەوەندیی سیاسی، ئەو پەیامە مەترسیدارە بە ڕێژیمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکان دەدات کە کاتێک بەرژەوەندیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە مەترسیدا بێت، چاوەکان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەبەسترێن.

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لە ''کۆمیتەی مەرگـ''دا حوزووری هەبووە و لە کەسە سەرەکییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سەرتای دامەزراندنی ڕێژیمی ئێرانە و بۆیە نابێت گەمارۆکان لەسەر ناوبراو هەڵبگیرێن.

لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە وتووێژەکانی بەرجام کە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان لەخۆ دەگرێت، جەخت کراوەتەوە کە ''کوشتنی شارومەندانی ناڕازی، دەسبەسەرکردنی نایاسایی و زیندانی و ئەشکەنجە و ئێعدامی ناڕازییان و چالاکانی مەدەنی بەشێک لە حاڵەتەکانی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانە و گەمارۆی سەر کەسانێک کە لەو حاڵەتانەدا دەستیان هەبووە نابێ هەڵبووەشێننەوە.

ئەو ٩ ڕێکخراوەی کە ئەو بەیاننامەیەیان واژۆ کردووە بریتین لە: ''کۆمەڵەی مافی مافی مرۆڤ کوردستان- ژێنێڤ، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، دامەزراوەی عەبدولڕەحمان برومەند، عەداڵەت بۆ ئێران، ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی ئێران، کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، یەکیەتی بۆ ئێران، دامەزراوەی سیامەک پوورزەند و ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی مرۆڤی ئازەرییەکان لە ئێران''.