کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین کومپانیای فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران کەوتنە ڕیزی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکاوە

12:12 - 4 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: چەندین کومپانیای فڕۆکەوانی کە لە جیاتی گواستنەوەی موسافر خەریکی گواستنەوەی تەقەمەنی و کاری سەربازیی بوون، لە ڕیزی گەمارۆوەکانی ئامریکا کەوتن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، چوار کومپانیای فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران، چەندین کەس و کومپانیای تورکیەیی و هەروەها چەندین فڕۆکەی خستە ڕیزی گەمارۆوەکانی خۆیەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کە هەموو ئەو کەس و ڕێکخراوانەیی کە لەگەڵ کومپانیا فڕۆکەوانییەکانی ڕێژیم، بە ناوەکانی: "ماهان ئایر"، "مێعراج ئایر"، "پوویا ئایر" و "هێڵی ئاسمانیی کاسپیەن" لە پێوەندیدا بوون، کەوتوونەتە نێو لیستی گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکاوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ئەم کومپانیانە هێزی نیزامی و پارەیان بۆ سووریە و لوبنان گواستووەتەوە.

وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، ئاستیوو منۆچین، لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە شێوازە فریوکارانەکانی ئەم کومپانیا فڕۆکەوانییانە، بۆ دەستپێڕاگەیشتنی نایاسایی بە خزمەتگوزاری و شتومەکە ئامریکاییەکان، شێوازگەلێکی فریودەرانە بوون، کە ڕێژیم کەڵکی لێ وەرگرتوون.