کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین کەس لە ئاگرکەوتنەوەی کارخانەکانی کەرەج و پاکدەشت بوونە قوربانی

12:37 - 12 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئاگرگرتنی دوو کارخانە لە شارەکانی کەرەج و پاکدەشت، شەش کوژراو و دەیان کرێکاری برینداری لێ کەوتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕ، لە شارەکانی کەرەج و پاکدەشت، بە هۆی ڕووداوی ئاگرگرتنەوە، چەندین کرێکار بوونە قوربانی و دەیان کەسیشیان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، بەرپرسی گشتیی ئاگرکوژێنەوەی پاکدەشت ڕایگەیاندووە، کە لەم ڕووداوە ٥ کرێکار، لە کارخانەیەکی کارتۆنسازی لە گوندی مەحموودئاوای پاکدەشت لە ٢٠ کیلۆمێتری شاری تاراندا،گیانیان لە دەست داوە.

هەر لەم پێوەندییەدا لە هەمان ڕۆژدا، لە ئاگرگرتنی کارخانەی "رنگ کمال" لە ڕێگای تایبەتی کەرەج ـ تاران، کەسێک کوژراو و لانیکەم ٣٩ کەسیش بریندار بوون.

هەرچەندە بەرپرسانی پاکدەشت و کەرەج هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیان بە نادیار ڕایگەیاندووە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک و شایەتحاڵانی ئەم دوو شوێنە، سپای پاسداران و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە هۆکاری ئەم ڕووداوانە دەزانن، چون پێیان وایە داردەستەکانی ڕێژیم بۆ نانبڕینی کرێکارانی ئەو کارخانانە کە لە دەسفرۆشەکانی پێشووی ئەو ناوچەیە پێک هاتبوون، ئەم کارەیان کردووە.