کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین کەس و کۆمپانیای سەر بە سپای قودس، خرانە لیستەی تەحریم و تێرۆرەوە

23:07 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی ٩ کەس و کۆمپانیای ئێرانی خستە لیستەی تیرۆری خۆی و ئامریکاش ئەم کەس و کۆمپانیانەی خستە لیستی تەحریمەوە.

دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی زیاد کردنی ٩ کەس و کۆمپانیای ئێرانیی بە لیستەی تیرۆری خۆی بڵاو کردەوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە ئەو ٩ کەس و کۆمپانیایە بەهۆی چالاکییەکانیان لە بواری گواستنەوەی چەندین میلیۆن دۆلار پارە بۆ سپای قودسی کۆماری ئیسلامی، بەو خشتەیە زیاد کراون.

ئەو ڕاگەیەندراوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی چەند کاتژمێر پاش هەواڵی بڵاوکراوەی وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا هاتووە، کە ڕایگەیاندبوو: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە هاوکاری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی توانیویانە تۆڕێکی بەرینی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و بەتایبەت لە وڵاتی ئیمارات، ئاشکرا بکەن کە بۆ سپای پاسدارانی ئێران چالاکی ماڵیان ئەنجام داوە"، هەر بۆیە ئەو تۆڕە کە بریتین لە ٩ کەس و کۆمپانیا خراونەتە لیستەی گەمارۆکانی ئامریکاوە.

ئەو کۆمپانیا و کەسانە بریتین لە:

مەسعوود نیکبەخت: "مەسعوود نیکبەخت بەرپرسێکی سپای پاسدارانە کە لە لایەن سپای قودسی ئێرانەوە لەگەڵ هاوکارەکەی خۆی بە ناوی مێقداد ئەمینی لە سەڕافی (جهان ارس کیش) چالاکی ماڵییان بۆ سپای قودس ئەنجام داوە".

سەعید نەجەفپوور: "بەڕێوەبەریی گشتیی کۆمپانیای (جهان ارس کیش)

مێقداد ئەمینی: "یەکێک لە بەرپرسانی کۆمپانیای (جهان ارس کیش) و هاوکاری سەعید نەجەفپوور"

محەممەدحەسەن خودایی: "شەریکی نەجەفپوور لە جهان ارس کیش، ناوبراو بە هاوکاری محەممەدرەزا خدمەتی کە سەڕافێکی دیکەیە، چەندین کۆمپانیا و شرکەتی نهێنیان بۆ هاوکاری کردنی سپای قودسی ئێران دامەزراندووە و کاریان بۆ سپای قودس کردووە".

محەممەد رەزا خدمەتی و فواد ساڵحی: "محەممەد رەزا خدمەتی سەرپەرشتی سەرەکی سەڕافی راشد و خاوەنی کۆمپانیای (خدمتی و شرکا)، ناوبراو بە هاوکاری مێقداد ئەمینی لە سەڕافی جیهان ارس کیش و کەسێک بە ناوی فواد ساڵحی پارەیەکی خەیاڵیان لە ئێرانەوە بۆ ئەمارات گواستۆتەوە و لە ڕێگەی سەڕافی ڕاشد کردوویانەتە دۆلاری ئەمریکا، خدمەتی بە سازکردنی بەڵگە و ناسنامەی ساختە توانیویەتی خۆی لە چاوی هێزە ئەمنییەکانی ئیمارات بشارێتەوە".

کۆمپانیای جیهان ارس کیش: "کۆمپانیایەکی نهێنی سپای پاسدارانی ئێرانە لە تاران، ئەم کۆمپانیا پارەی نەوتی فرۆشراوی ئێرانی لە دەرەوە وەرگرتووە و گەیەندوویەتە دەستی سپای پاسداران"

سەڕافی ڕاشد: "ئەم سەڕافییە پارەی ئێرانی بە دۆلاری ئەمریکا گۆڕیوەتەوە"

کۆمپانیای خدمەتی و شرکا لە تاران: "ئەم کۆمپانیایە بەو هۆیەی کە بە ناوی محەممەدرەزا خدمەتی و محەممەدحەسەن خودایی تۆمار کراوە، خراوەتە لیستەی گەمارۆکانەوە".

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی سەردەمانێک یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی چالاکیی ئابووری و سەڕافییەکانی ئێرانی بوو، هەنووکەش سەرەڕای گرژبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی گرینگییەکی تایبەتی بۆ گواستنەوە و گۆڕینی پارەی ئێرانی بە درایوی بیانی هەیە.