کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین ئەنباری چەکوچۆڵی حیزبوڵڵا لە سووریە کران ئامانج

12:34 - 4 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: چەندین ئەنباری چەکوچۆڵ و مووشەکەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، کراونەتە ئامانج و تەقێندراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سووریە، شەوی پێنجشەممە، ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، فڕۆکەخانەی زبعە لە نزیک شاری حومس، کراوەتە ئامانج و تەقێندراوەتەوە.

چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە: "بە ئەگەری زۆرەوە ئەو تەقینەوە بە هۆی کرانە ئامانجی ئەنبارەکانی چەکوچۆڵی حیزبوڵڵای لونبان کە لە نزیک فڕۆکەخانەی زبعەدان ڕووی داوە"، هەروەها ئەو ناوەندە مافی مرۆیییە پشتڕاستی کردووتەوە، کە شەوی پێنچشەممە ٦ مووشەک بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازیی زبعە و بەشی ڕۆژئاوای پارێزگای حومس هاوێژراون، ئەو ناوچەیە ئەنبارەکانی چەکوچۆڵی حیزبوڵڵای تێدایە، کە بە ئەگەری زۆرەوە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلیەوە کراونەتە ئامانج.

ناوچەی قەسیری حومسی سووریە لە نزیک سنوورەکانی لوبنانە و ناوەندی سەرەکیی بنکە و هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسدارانی ئێرانە، کە ئەنبارەکانی چەکوچۆڵ و بنکەکانی ڕاهێنانی سەربازیی تێدایە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئاشکرا باسی لەوە کردبوو، کە هەموو بنکەکانی حیزبوڵڵا و سپای پاسدارانیان لە سووریە دەسنیشان کردووە و هەموویان لەنێو دەبەن.

شایانی ئاماژە پێکردنە، کە ئەوە چەندەمین جارە ئیسرائیل بنکەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسدارانی ئێران لە خاکی سووریە بۆردمان دەکات.

پێشتریش ئامریکا ڕایگەیاندبوو، کە هەندێ بەڵگەیان بە دەست هێناوە، کە چەکوچۆڵ و مووشەکەکان بە فڕۆکە لە ئێرانەوە بۆ سووریە دەگوازرێنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ٩ کەس و چەندین کومپانیای ئێرانی و تورکیەیی و هەروەها ٣١ فڕۆکەی سەر بە کومپانیا فڕۆکەوانییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە هۆی گواستنەوەی چەکوچۆڵ لە ئێرانەوە بۆ سووریە، خستووەتە خشتەی گەمارۆوەکانی خۆیەوە.