کۆڵانی ڕووبەڕووی "ئیستەخری بەهمەن" لە مەهاباد و گەڕەکی "سەردووشییەکانـ"ـی مەریوان هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە و سیمای شاریان پێوە دیار نییە.
بارودۆخی کۆڵانی ڕووبەڕووی "ئیستەخری بەهمەن" لە شەقامی ئوستاد "محەممەد قازی" مەهاباد سەرەڕای نیشتەجێ بوونی زیاتر لە ٦٠ بنەماڵە بەڵام کۆڵانەکەیان هەنووکەش خاکییە و زبڵ و خاشاک سیمای ئەو شەقام و کۆڵانەیان تێک داوە و شارەداریی هەتا ئێستا هەنگاوی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی ئەو شەقامە هەڵنەگرتووە.
هەروەها چەند مانگێکە کۆڵانەکانی گەڕەکی "سەردووشییەکان" لە مەریوان لوولەی ئاوەڕۆکان شکاون و چەندین جار خەڵکی ئەو کۆڵانانە داوایان لە ئیدارەی "ئاو و ئاوەڕۆی" ئەو شارە کردووە چاکیان بکاتەوە بەڵام هەتا ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە.
بەهاتنی وەرزی پاییز و بارینی باران دۆخی ئەو کۆڵانانە خراپتر دەبێت و ئاوی باران و ئاوەڕۆ ڕێگەی هاتوچۆی خەڵکی تێک دەدات.