کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند گەڕەکێکی نێو شاری مەریوان لەلایەن شارەدارییەوە کراوەتە زبڵدانی

11:23 - 27 خەزەڵوەر 2720

بەهۆی دیارینەکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ فڕێدانی زبڵەکان لەلایەن شارەدارییەوە لە دەرەوەی شاری "مەریوان"، شارەداری هەموو زبڵەکانی لەسەر پردی "کوشتارگای قەدیم" کۆ کردووەتەوە.

چەند ساڵێکە کێشەی زبڵ لە مەریوان بوونی هەیە و لە ئێستادا دۆخی "مەریوان" نالەبارە و خەڵکی چەند گەڕەک بەهۆی ئەو زبڵانەوە تەندروستییان کەوتووەتە مەترسییەوە و شارەداری لە ئاستی ئەو کێشەیەدا بێدەنگ و کەمتەرخەمە.

پێشتر شارەداریی "مەریوان" بە شێوەی ناستاندارد بۆ چەند شێوێنێکی ناوچەکانی دەوروبەری شاردا زبڵەکانی ڕادەگواست، بەڵام ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو گوند و ناوچانەی لێ کەوتبووەوە و هەنووکە زبڵەکان لەسەر شەقام و نێو گەڕەکەکاندا فڕێ دەدرێن.

تەنیا لە پارێزگای سنە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن زبڵ بەرهەم دێت؛ ڕۆژانە، سنە ٣٨٠ تۆن، سەقز ١٦٠ تۆن، مەریوان ١٤٣ تۆن، قوروە ٦٤ تۆن، بیجاڕ ٤٠ تۆن، بانە ١٢٣ تۆن، دێولان ٢٥ تۆن، کامیاران ٦٥ تۆن، دیواندەرە ٤٠ تۆن و سەوڵاوا ٧ تۆن زبڵ بەرهەم دەهێنن.

هەر لەو پێوەندییەدا شاری "کودەشت" لە پارێزگای لوڕستان کێشەی لەو چەشنەی هەیە و شەقامەکانی ئەو شارە لە ئاوەڕۆ و زبڵ پڕ بوونە و بۆنی پیسی ئەو ئاوەڕۆ و زبڵانە چەندین کەسی نەخۆش خستووەتە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە بەڵێنییان داوە کە لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر دەکەن.   

ئەگەر لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کارخانەی وەبەرهێنانەوە هەبێت، وێڕای پاراستنی ژینگە و بەرگریکردن لە بەفیڕۆچوونی وزە، چەند سەد هەلی کاریش بۆ خەڵک دەڕەخسێت. بەڵام لێرەشدا سیاسەتی ناوەندگەرا و سیاسەتی دژە کورد و کوردستانی ڕێژیمی ئێران ڕێگر بووە لە دروستکردنی ئەو کارخانەیە.