کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی نوێی ڕێژیمی ئێران: بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ئیمە ژەهراوی نین، ئەوە ئاژاوەی دوژمنە

17:46 - 29 بەفرانبار 2721

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران "عەلیڕەزا موهاجر" جێگری وەزیری بواری جووتیاریی ڕێژیمی "تاران" وتوویەتی: "هیچ کام لە بەروبوومە کشتوکاڵیییەکانی ئێمە ژەهراوی نین و دوژمن لەو هەلومەرجەدا دەیەوێت هەموو شتێک تێکوپێک بدات و هەر چۆنێک بێت ئاژاوی بنێتەوە".

"موهاجر" لە درێژەدا وتی: "ئەگەر ئەو بەرهەمانەی هاوردەیان دەکەین ژەهراوی بن دەیانگەڕێنینەوە، بەرهەمەکانی ئێمەش ئەگەر ژەهراوی بوونایەت دەبا لە کاتی هەناردندا بیانگەڕاندایەتەوە".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "لە کۆی ٦٠٠ هەزار تۆن پەتاتە کە هەناردەمان کردوون ٥٠ تۆنی گەڕێندراونەتەوە، هەروەها لەگەڵ پەتاتەکان گڵ هەبووە، بەڵام ئەو گڵە ژەهراوی نەبووە، کەوایە پەتاتەکانیش ژەهراوی نەبوون".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە زانستی کشتوکاڵییان فێری وەرزێڕان نەکردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندین وڵات بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێرانیان بەهۆی ڕادەی زۆری ماددەی کیمیایی وەرنەگرتووە؛ بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش ئەو کارە بە ئاژاوەی وڵاتان دەزانن.