کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕابێرت ماڵی: ئەگەری شکستی وتووێژەکانی ڤییەن زیاترە

13:01 - 5 جۆزەردان 2722

نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەری سەرکەوتنی وتووێژەکانی ڤییەن بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام کەمتر لە ئەگەری شکستی وتووێژەکانە، ''ڕابێرت ماڵی'' وتوویەتی، واشنتۆن ئامادەیە کە گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران چڕتر بکاتەوە و ئەگەر ڕێککەوتنێک بەدەست نەهات وڵامی هەر چەشنە گرژییەکی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئامریکا دەداتەوە.

''ڕابێرت ماڵی'' ڕۆژی چوارشەممە ٤ی جۆزەردان لە دانیشتنی پرسیار و وڵامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئامریکا وتی کە هەتا ئێستا ئەو وتووێژانە بە ئەنجامێک نەگەیشتوون و ئەگەری وەها ڕێککەوتنێک لە باشترین حاڵەتدا لاوازە.

بە وتەی نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، پێشوەچوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە کاتی چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام گەیشتووەتە ڕادەیەک کە لە کۆنترۆڵ دەڕواتە دەرەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەگەر ئێران داواکارییەکانی دەرەوەی بەرجام درێژە پێ بدات، ئامریکا هەر ڕەتیان دەکاتەوە و ڕێککەوتنێک بە دەست نایەت.

ئاماژەی ناوبراو بە داواکاریی ڕێژیمی ئێران بۆ دەرکردنی ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئامریکایە کە واشنتۆن هەتا ئێستا قەبووڵی نەکردووە.

نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران هەروەها وتوویەتی، دەوڵەتی ''بایدن'' گەرمارۆکانی سەردەمی سەرکۆماریی ''دانڵد ترامپ'' دژی ئێرانی هەڵنەوشاندووەتەوە و سەرەڕای گەمارۆی نوێ، لەگەڵ هاوپەیمانانی ئامریکا سەبارەت بە ڕێژیمی ئیران لە هاوئاهەنگیی زیاتردان.

هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا وڵامێکی سەبارەت بە پرسیارەکانی ئاژانس لەبارەی سەرچاوەی ئورانیۆم لە بنکە شاراوەکانی ناوکی نەداوەتەوە و لە دۆخێکی ''زۆر دژوار'' لەگەڵ ئێراندان.