کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و گەشەی سیاسی

10:18 - 18 رەشەمه 2721

کۆساڵان

منداڵێک بۆ گەورەبوون و پێگەیشتن دەبێ گەشە بکات، ئەو دیاردەی گەشەکردنە لەنێو کاروباری تاکەکەسی هەتا ئاستی دەوڵەت و دەسەڵات، پێویست و حەیاتییە. لە ڕاستیدا گەشەی سیاسی دەبێ لە پێشەوەی گەشەی گشت لایەنە ئابووری، تیکنۆلۆژیکی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، وسەربازی و هتدەوە بێت. گرنگیی گەشەی سیاسی لەوەدایە کە سیاسەت وەک چەمکێکی باڵادەست پارێزگاری، چاوەدێری و ڕێنوێنیی خەڵک و خاک و ماشینی دەسەڵات دەکات و هەروەها چەترێکی گشتگیرە لە سەرووی هەموو باڵ و لایەن و پێکهاتەکانەوە. بەستراوەیی سیاسەت بە دیاردە و لایەنەکانی ناو کۆمەڵگەوە وەک پێوەندیی بنی درختێک بە پەل و پۆ، گەڵا و بەرهەمەکانەوەیە. بنج و لاسکی دار هەتا ئەستوور و خۆڕاگر بێت پاراستن و مانەوەی لق و پۆ، مسۆگەرترە. لە دنیای ئەمڕۆدا بەهۆی وردبوونەوەی گشت چەمکەکان و مۆدێڕنبوونی ڕەهەندەکانی ژیان، مامەڵە و ڕووبەڕووبوونەوەکان دەبێ دەقاودەق لە یەک ئاست و وەک یەک بێت. کاتێک مامەڵە نێونەتەوەییەکان لە یەک ئاستدا نەبێت ئەوا دو دیاردەی "تەماح " یان "بەزەیی" لەنێوان باڵادەست و ژێردەستدا سەر هەڵدەدات و هاوکێشییەکان دەشێوێت.

لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا سیاسەت و بەڕێوەبەری وەک یەک وایە، بە کورتی بڵێین کە سیاسەت لە هەموویاندا خوازراو و پەسەند نییە. لە کوردستان و بەتایبەت بەشی خۆرهەڵات باسەکە ئاڵۆز و چڕە و چەمکی سیاسەت لە ئاست سەردەم و جەماوەر و دەسەڵاتی باڵادەست و... گەشەی بەرچاوی نەکردووە. بزاوی کوردی لەو بەشەدا بەهۆی نەریتیبوونەوە، تێچووەکانی لە دەسکەوتەکانی زیاترە. تێچووەکان بە کورتی بریتین لە دابڕانەکان، لاوازیی سیاسەتی دەرەوە، لاوازیی باری ئابووری، لاوازیی لایەنی سەختئامێری (هێزی پێشمەرگە)، لاوازیی ڕێخستنەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، نەبوون یان لاوازیی ڕێکخراوە و ئۆرگانی حیزبی و... .

بزاوی کوردی لە خۆرهەڵات ئەگەر خۆی لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنێت و بەڕۆژ ببێتەوە ئەوا توانست و پوتانسێلی ئەوەی هەیە کە شکۆ و قورساییەک کە شایانی ئەو خەڵکە و خەباتەکەی بێت، بەدەست بێنێت. بۆ ئەوەیکە کورد لە خۆرهەڵات ببێتە ڕۆژەڤ و هەروەها ئاستەنگ بۆ کۆماری ئیسلامی وەک "پێشزەمینە" دەبێ هەلومەرج بۆ خەبات و چالاکی بخولقێنێت.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات وەک فەلسەفەی ئازادیی کوردستان لە چەند بوارەوە جێی باس و تێڕامانە و دەکرێت تا ڕادەیەک هیوای پێ ببەسرێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی مۆدێڕنکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان گەشەی سیاسییە. گەشەی سیاسی یانێ عەقڵانی و ئاوزمەندکردنی دەسەڵات. (٢٠٥. ١٣٩٦)

کاتێک باسی عەقڵانییەت دێتە ئاراوە مەبەست ئەوەیە کە لە ئاکاری سیاسیدا دەبێ بەردەوام باس و بابەت و بیرۆکەی ڕۆژ ڕەچاو بکرێت و ئایدۆلۆژیا و بیری چەقبەستوو نەبێتە کۆسپ و تەگەرە. "لۆسین پای" دەڵێت: "گەشەی سیاسی بە بەربڵاوترکردنی دەرەتانەکانی سیستم، سەبارەت بە وڵامدانەوەی نیاز و خواستەکانی خەڵک، جۆراوجۆریی پێکهاتەکان، پسپۆڕانەکردنی پێکهاتەکان و هەروەها بەرزکردنەوەی ڕێژەی سیاسی، دەزانێت".

ڕاسان لە کۆنگرەی ڕابردوودا ڕیسکی پێکهاتەشکێنی لە بەدەنەی حدکادا پێک هێنا کە ئەو پێکهاتەشکێنییە بۆ خۆی دەرەتان وهەلی بەشداری لە ڕەوتی خەباتدا پێک دێنێت. لایەنە کوردییەکان لە ئاستی خوار ڕێبەرایەتیدا واتە لە بەدەنەدا دەرەتانیان بۆ بەشداری ڕەخساندووە بەڵام لە ئاستی ڕێبەرایەتیدا پرسەکە ئه‌سته‌متره‌. هەتا ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی سیاسیدا زۆر بێ ئیمکانی مۆدێڕنبوونەوە زیاترە. بەشداریکردن یانێ بە کۆمەڵایەتیکردنی سیاسەت. لە دەوڵەت و ئەحزابی ئایدۆلۆژیکدا هندێکجار بەشداری جەماوەر لە پرۆسەی سیاسیدا دەبینرێت، بەڵام ئەو بەشداریکردنە لە ئاستی خوارەوە یان لە بەشی سەربازیدایە. پێوەرەکانی بەشداریی جەماوەر لە سیاسەتدا دەبێ دڵخوازانە و لەسەر بنەمایەکی دێموکراتیک و ڕەخنەگرانە بێت نەک ئەوەیکە بە زۆرەملێ یان بە برسیکردنی خەڵک بۆ نێو سیاسەت ڕاکێشرێت. هانتینگتۆن دەڵێت: "چەمکی گەشەی سیاسی لەسەر بنەمای پیشەییکردن، هاندان و پۆشتەکردنی کۆمەڵگە، گەشەی ئابووری و بەشداریکردنی سیاسی پێناسە کردووە، هەروەها پێی وایە کە لە ڕەوتی گەشەی سیاسیدا داواکاریی نوێ بە مەبەستی بەشداری و گرتنە ئەستۆی ڕۆڵ و بەرپرسایەتیی نوێ دێتە ئاراوە، هەربۆیە  سیستمی سیاسی دەبێ خاوەن دەرەتان و توانستەکانی پێویست بۆ گۆڕانکاریی بارودۆخ هەبێت".

بەر لە هەموو شتێک دەبێ بوترێت کە بزاوی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی ڕاسان لەنێو خەڵکی خۆیاندا نین و لە وڵاتی دووەم و لە ژینگەیەکی دووری سیاسیدا دەژین. لە باری ئەمنی و ئابوورییەوە بەستراوەی یاساکانی باشووری کوردستانن. چالاکییەکانیان لەژێر چاوەدێری و زەڕەبینی هەرێم و تەنانەت کۆماری ئیسلامیدایە. سەرەڕای ئەو قەید و بەندانە، ڕاسانی خۆرهەڵات سەربەخۆیی سیاسیی خۆی پاراستووە و وەک حیزبی دایک نەچووەتە ژێر ڕکێفی هیچ لایەنێکەوە.

لەو قۆناخەی ئێستەدا ڕەنگە هندێک خاڵ و پێوەر بۆ مۆدێڕنکردنەوەی سیاسەت نەبێت بەڵام بەو هەموو کەمایەسییەوە ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەهۆی هێندێک تایبەتمەندییەوە لە هەموو ئەحزابەکانی کوردی دێموکراتیک و مۆدێڕنترە. خاڵی بەهێزی مۆدێڕنبوون لەوەدایە کە حیزب پیر نابێت و هەر کات دەرەتان بۆ چالاکی بڕەخسێت ئەوا جەماوەر بە چڕوپڕی پەیوەستی دەبن و ڕووی تێ دەکەنەوە.

دیاردەی هەڵبژاردن کە خاڵی بەهێزی دێموکراتیک بوونە لە حدکادا بەدی دەکرێت و تەنانەت ڕێبەرایەتیی حیزب هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە، نە بنەماڵەیی بووە و نە هەمیشەیی (مادام العمر). گەشەی سیاسی مۆدێڕن بوونی بە دواوەیە و مۆدێڕن بوونیش یانێ بەڕێوەبردنی لەبار و تەندروست و ئیدەئال. ڕێبەرانی سیاسی ڕۆڵی گرنگیان لە گەشەی سیاسیدا هەیە، تەنانەت ئەگەر ڕێبەران کاریزما بن ئەوا "هۆکارێکە بۆ پێشەوە چوون، چونکا هێزێکی مەتافیزیک و ئەفسوونگەرە" (۱۳۹٦-۷٦ ). ئەگەر کاریزما بوون دوور لە ئایدۆلۆژیا و نەریتخوازی بێت و هەروەها هەوڵ بدرێت لەسەر بنەمای سیاسەتی مۆدێڕن، خاوەن بەڵێن بوون و... کاروبارەکان بەڕێوە بەرن ئەوا گەشەکردنەکان خێرا و تەندروستن. کاریزمایی لە دۆخێکی وەهادا دەتوانێت لە تاکەکەسەوە گەشە بکات بۆ ڕێبەرایەتیی بە کۆمەڵ و تەنانەت حیزبی کاریزما. لە کوردستان تەنیا د. قاسملوو خاوەن تایبەتمەندیی کاریزمای مۆدێڕن بوو.

 بایندر دەڵێت: "وڵاتێ کە خوازیاری گەشە بێت دەبێ پێنج قۆناخ تێپەڕێنێ: قەیرانی شوناس، قەیرانی بەشداری، قەیرانی نفوز، قەیرانی ڕەوایی و قەیرانی دابەشکاری".

هەر چەند ئێستە حدکا دەسەڵات و دەوڵەت نییە بەڵام پێویستە چەند قەیران تێپەڕێنێت و ئینجا خۆی بۆ گەشەی سیاسی ئامادە بکات. گەشەی سیاسی پاشگەز بوونەوە و کشانەوەی تێدا نییە. لە کوردستاندا کە دەیان پێکهاتەی دینی، سیاسی، زمان و زاراوەیی و ڕەگەزی و... تێدایە پێویسته لە "ڕۆشنبیرانی نەریتخواز  و مۆدێڕن (۱۳۹٦-۲۰۹ ) کەڵک وەربگیرێت. ڕاسان بۆ ئەوەیکە نوێنەری گشت پێکهاتە و جیاوازییەکان بێت، دەبێ لە ئاستی باڵادا نوێنەر و دەمڕاستی گشت لایەن و پێکهاتەکانی تێدا بەدی بکرێت، تەنانەت نەتەوەی دیکە (تورکەکان) کە لە چەند شاردا بوونیان هەیە دەبێ بەهۆی چارەنووسی هاوبەشەوە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بکەن. لە گەشەی سیاسیدا دابەشکاری ڕوو دەدات و لە دنیای نوێدا دابەشکاری پێویستی بە دروستکردنی ڕێکخراو و ئۆرگانی تایبەت بە سێنف و پێکهاتەکان لە بەدەنەی حیزبدا هەیە کە ئەوەش یانێ ڕەچاوکردنی دێموکراسی و پلورالیزم. هێزی چەکدار لە دنیای ئەمڕۆدا وەک چەمکەکانی دیکە مۆدێڕن و پڕۆفیشناڵ بووەتەوە و ئەگەر دەوڵەتێک یان حیزبێک بە شێوەی نەریتی و ڕەشۆکی کاری سەبازی بکات ئەوە ڕووبەڕووی زۆرترین تێچووی ماڵی و مرۆیی دەبێتەوە. هەموو دەوڵەتان و ئەحزابی سیاسی لە دنیادا، ڕەوایی و بوونایەتی خۆیان لە ئەرتش و هێزی سەربازییەوە وەردەگرن. ئەگەر ئەرتش نەریتی، ئایدۆلۆژیک و دەسەڵاتخواز بێت ئەوا لەو حاڵەتەدا دەبێتە سەرباری خەڵک و مڵۆزم بۆ ناوخۆی و دەرەوە. ئەرتش دەبێ جیاواز لە سیاسەت بێت و هەموو بڕیارەکان لەلایەن ڕێبەرایەتی سیاسییەوە دەربچێ" بە پێی یاسای بنەڕەتی وڵاتانی ئوروپایی لە فەرماندەیی سەربازیدا، ئەولەوییەت بە سیاسەتە". (۴۳- ۱۳۹۲)

گەشەی سیاسی لەسەر هێزی سەربازی کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە "دەستێوەردانی ئەرتش، دەسەڵاتداری و دوورکەوتنەوە لە سیاسەت، پێوەندیی چڕی بە گەشەی سیاسیی کۆمەڵگەوە هەیە" (۸۱ - ۱۳۹٦) کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تەواو مانا هێزی سەربازیی لاوازە. هەر لایەنێک بۆ خۆی هێزی چەکداری هەیە کە ئەوەش خاڵی لاوازی خه‌باته‌. ڕاسانی خۆرهەڵات وەک بەرنامەی نوێ دەبێ خەسارناسیی باری سەربازی بکات و بیرۆکەی نوێ و سەردەمیانە سەبارەت بە هێزێکی یەکدەست، مۆدێڕن و شوێندانەری بۆ ئەو بەشەی کوردستان هەبێت. لاوازیی هێز دەبێته هۆی ئەوە کە هەموو لایەنێک چ  دۆست و چ دوژمن دەستێوەردانی وڵاتەکەت بکات و ئێمەش هیچمیان بۆ نەکرێت.

دروستکردنی هێزی هاوبەش ئیمکانی هەیە و ڕاسان دەبێ وەک پێشەنگ و وەک هەست بە بەرپرسایەتی ئەو پرسە ورووژێنێ و هەروەها مودیرییەتی بکات.

سەرچاوەکان

١- م گ اشمیت.مراحل و عوامل و موانع توسعە سیاسی. ترجمە عزت اللە فولادوند.نشر ماهی.١٣٩٦

٢-  صداقت کیش فاطمەـ نصرالهی سامان.تٵملی در مفاهیم و ابعاد توسعە سیاسی و حکمرانی خوب

٣ـ سەرچاوەی ٢

٤- سەرچاوەی ١

٥-سەرچاوەی ٢

٦ـ سەرچاوەی ١

٧- ازغندی ، د. علیرضا،ارتش و سیاست.نشر قومس

٨ـ سەرچاوەی ١

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.