کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسپاردەی ڕێژیمی ئێران بە بانکەکان بۆ دزینی پارەی خەڵک داهێنانێکی نوێیە بۆ قەرەبووکردنەوەی بوودجە

12:14 - 19 خەزەڵوەر 2721

لە هەوڵێکی نوێدا بۆ قەرەبووکردنەوەی بوودجە و دابینکردنی پارەی خەزێنەداریی ئێران، لەسەر بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بانکەکان دەستیان بە دزینی پارەی هاووڵاتییان کردووە.

لقی ماڵیی ئیدارەی خەزێنەداری بانکی "سپە" و نیزامی دان و هەڵگرتنی پارە، بۆ قەرەبووکردنەوە و دابینکردنی کەمیی بوودجە، پارەی هاووڵاتییان لە بانکەکان دەدزن و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی هاووڵاتییان.

لە دوایین داهێنانی ئەم کارە قیزەونەی ڕێژیم، لە مەریوان خەزێنەداریی بانکی سپەی ئەو شارە، بڕی پارەی ١٥٠ هەزار ڕیاڵی هاووڵاتییەکی وەکوو قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجە لە هەژماری ئەو هاووڵاتییە ڕاکێشاوە.

ئەو هاووڵاتییە بە ناردنی بەڵگە، ئەو کارەی بانکی سپەی پشتڕاست کردووەتەوە، هەروەها نموونەی چەند کەسێکی دیکەی باس کردووە کە لە بانکەکان پارەیان لێ براوە.

لەو پەیوەندییەدا وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، بۆ ڕوونکردنەوەی باری ئابووریی ئەو وڵاتە  لە مەجلیسدا ڕایگەیاند: "زیاتر لە دەیەیەکە کە گەشەی ئابووریی ئێران نزیک بە سیفرە".

 پێشتریش لە مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماری هەڵاوسانی لە ئێران ٣٠ لەسەد ڕاگەیاندبوو، هەروەها ناوەندی ئامار و توێژینەوەکانی مەجلیسی ئێران ئەم هەڵاوسانەی ٥٠ لەسەد ڕاگەیاندبوو کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دەوڵەت نیوەی داهاتی خۆی بە بانکی ناوەندیی ئێران قەرزدارە و بانکی ناوەندیش لەگەڵ کەمیی بوودجە بەرەوڕوو بووەتەوە.