ڕاوێژکارێکی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نیزامیدا وتوویەتی کە تەقینەوە لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز "خراپکاریی پیشەیی" بووە.
"حوسین دێهقان" ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "کەسانێک کە بەرپرسی دانانی هەندێک کەرەستە لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنزدا بوون، گۆڕانکارییەکیان تێدا دروست کردووە کە بووەتە هۆی تەقینەوە".
"دێهقان" لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "ئاسۆشێتد پرێس" سەبارەت بە تەقینەوەکەی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز لە پووشپەڕی ئەمساڵدا وتوویەتی: "خراپکارییەکی پیشەیی بوو و ئەم بابەتە یەکلاییە. کەسانێک کە بەرپرسایەتیی دامەزراندنی هەندێک کەرەستەیان لە ئەستۆ بووە لە کاتێکدا گۆڕانکارییان تێدا پێک هێناوە کە بووەتە هۆی تەقینەوە".
لەو پەیوەندییەدا "جەواد کەریمیی قدووسی" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتیی ڕێژیم لە مەجلیسدا مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو کە هۆکاری تەقینەوەکەی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، "دزەکردن" لە "پاراستن و حەراسەتـ"ـی ئەو دامەزراوەیەدا بووە.
"دێهقان" هەروەها بەنیسبەت هەڕەشەکانی "ترامپ" بۆ هێرش بۆ سەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز کاردانەوەی نیشان داوە و وتوویەتی: "پێکدادانێکی بەرتەسک و تاکتیکی دەتوانێت ببێتە شەڕێک بە تەواو مانا".
حەوتووی ڕابردوو "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، دانیشتنێکی لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی خۆی لە کۆشکی سپی پێک هێنا و هێرشی نیزامی بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی وەک بژاردەیەکی بەردەست باس لێ کرد.