کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، هاوسەرەکەی خۆی کوشت

12:01 - 8 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیم و شارەداری پێشووی تاران، لە ماڵەکەی خۆیدا، بە دەمانچە تەقەی لە هاوسەرەکەی خۆی کردووە و کوشتوویەتی.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی جۆزەردان، "محەمەدعەلی نەجەفی"، شارەداری پێشووی تاران، بە پێنج گولـلە، هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە.

ئەم بەرپرس و سیاسەتوانەی ڕێژیم کە وەزیری پێشووی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێرانیش بووە، دانی بەوە داناوە کە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە هاوسەرەکەی لە حەمامی ماڵەکەی خۆیدا کوشتووە.

بەپێی قسەکانی ئەم بکوژە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە، بەڵام هەندێک زانیاری بڵاو بووەتەوە کە باس لەوە دەکات، هاوسەری "نەجەفی" ویستوویەتی، هەندێک نهێنیی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم بڵاو بکاتەوە، بەڵام لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و ڕێی پێ گرتووە.

"محەمەدعەلی نەجەفی"، چەندین بەرپرسیاریەتیی ڕێژیمی لە ئەستۆ بووە، کە سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی میراسی فەرهەنگی، جێگری سەرکۆماریی ڕێژیم و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان و.. لەوانەن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی جۆزەردان بڵاویان کردەوە، کە "محەمەدعەلی نەجەفی"، ڕاوێژکاری "حەسەن ڕۆحانی" و شارەداری پێشووی تاران، بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی دەسبەسەر کراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەواڵی کوشتنی "میترا ئوستاد"یان بڵاو کردەوە. هاوسەری دووهەمی "نەجەفی"، لە خانووی خۆیدا لە باکووری تاراندا، بە دەمانچە کوژرا.