کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری وەزیری پەروەرده وبارهێنان باسی له وەرگرتنی پارەی١٠ هەزار میلیاردی به بیانووی یارمەتیدانی قوتابخانه‌کان کرد

17:15 - 25 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا باس لە کۆکردنەوەی پارەی ١٠ هەزار میلیاردی لە ژێر ناوی یارمەتیدانی قوتابخانه‌کاندا دەکرێت، که زۆربەی قوتابخانەکان له سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خوێندن بێبەشن و زیاتر له ٣٠٠ هەزار قوتابی بە هۆی نەبوونی پارە دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

مەنسوور موجاوری، ڕاوێژکاری وەزیری پەروەردە و بارهێنانی رێژیم، باسی له داهاتی ١٠ هەزار میلیاردی ئەم وەزارەتە لە ژێر ناوی یارمەتیییه خەڵکیییەکاندا لە یەک ساڵی ڕابردوودا کردووه و وتوویەتی: له مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو هەتا ئێستا، تەنیا لە ١٨ هەزار قوتابخانه له ٨٥ هەزار قوتابخانەی تۆمار کراوی ئێراندا، ٢٨٠٠ میلیارد تمەن پارە کۆ کراوەتەوە.

وەزارەتی پەروەردە وبارهێنان بوودجەی پێویستی بۆ دابین کردنی وزەی قوتابخانه‌کان نییه و بەرپرسانی قوتابخانه‌کانی ئێران لە ژێر ناوی یارمەتیی خەڵکی و به مەبەستی قازانجی ئابووری خۆیان دەستیان داوەتە وەرگرتنی ئەم پارەیە.

جێگای ئاماژەیە، به پێی بەخشنامەی وەزارەتی پەروەردە، هیچ قوتابخانەیەک بۆی نییه پاره له بنەماڵەکان وەربگرێت و لە ڕاستیدا ئەوەی که وەکوو یارمەتیی خەڵکی کۆ ئەکرێتەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانی قوتابییەکان لە خوێندن بووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، موجاوری باسی لەوە کردووه که وەزارەتی پەورەردە ئەگەر بۆی بکرێ بانگەشەی کۆمپانیاکانیش لە سەر کتێبە دەرسییەکان لە چاپ دەدات.

وەرگرتنی پارە له بنەماڵەی قوتابیان و به کاربردنی ئەو پارەیە بۆ کار و شوێنی نادیار، به جۆرێک لە جۆرەکانی دزی کردن لە خەڵک دێتە ئەژمار و لەو کردەوانەیە کە ساڵانێکە رێژیمی ئیسلامی پێوەی خەریکە.