کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ساڵانەی ئامریکا بۆ تێرۆریزم: ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە

13:52 - 5 پووشپەڕ 2720

ڕاپۆرتی ساڵانەی ئامریکا بۆ تێرۆریزم باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپادا پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕ، ڕاپۆرتی ساڵانەی تێرۆریزمی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڵاو کرایەوە کە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانیکردنی تێرۆریزم لە ناوچەکە و ئورووپادا بەردەوامە.

لەو ڕاپۆرتەدا چالاکییە تێرۆریستییەکان لە جیهاندا تاوتوێ کراوە و لە بەشی ئێراندا ئاماژە بە بەردەوامیی چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپادا کراوە.

لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا هاتووە: "ئێران لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە وەکوو پشتیوانی حکوومەتی تێرۆریزم دیاری کراوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی لەوانە پشتیوانی لە حیزبوڵڵا، گرووپە تێرۆریستییە فلستینییەکان لە غەزە، دەستەیەک لە گرووپە تێرۆریستییە جۆراوجۆرەکانی سووریە و عێراق و سەرجەم ناوچەکەدا درێژەی بە پشتیوانیکردنی لە تێرۆریزم داوە."

هەروەها لە بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئامریکا بۆ تێرۆریزمدا هاتووە، ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە هێزەکانی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات و یارمەتی بۆ داپۆشینی هەوڵە شاراوەکانیان دەدات و لە هەموو ناوچەکەدا نائارامی دروست دەکات.

ئەو ڕاپۆرتە بە ڕوونی تیشکی خستووەتە سەر زۆربەی هەوڵە تێرۆریستی و دژە ئارامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و ئورووپادا لەوانە: "دەستێوەردانەکانی سپای قودس لە عێراق و سووریە، کەڵکوەرگرتن لە گرووپە ڕاوێژکارییەکانی بۆ نکۆڵیکردن لە کردەوەکانی، هەوڵ و هێرشە سایبێرییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران و هتد...".

لەو ڕاپۆرتەدا باس هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی دژی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی هۆلەند، بێلژیک، دانمارک و چەند وڵاتی دیکەی ئورووپا کراوە.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام وەک سیاسەتێکی نەگۆڕ بۆ مانەوەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی خۆی و هەروەها بۆ بەدیهێنانی ئاواتی پێکهێنانی هیلالی شیعی، زۆربەی هەرەزۆری سامان و داهاتی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا تەرخان کردووە.