کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی کاریی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

21:48 - 25 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش دوو ڕۆژ كاری بەردەوام، بە سەركەوتووییەوە كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەم كۆنگرەیە ڕۆژی پێنج‏شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٤ هەتاوی، بەرانبەر بە ١٥ی ئۆكتۆبری ٢٠١٥ی زایینی، لە ڕێوڕەسمێكدا لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە، بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەكیەتیی خوێندكاران و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی كۆنگرە و هەروەها مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ئەندامانی رێبەریی حیزب، بە خولەكێك بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.

دوا‌نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج‏شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، کاتژمێر ٢:٣٠ خولەک، کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران، بەفەرمی بەرنامەی کاریی خۆی دەست پێکرد.

لە دانیشتنی یەکەمی کۆنگرەکەدا، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکاران، لەلایەن ئەژین بەهرامی، بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەکەوە خوێندرایەوە كە پاش هەڵسەنگاندن و هێنانەئارای سەرنج و تێبینییەكانی ئەندامانی كۆنگرە، بە كۆی دەنگ پەسەند كرا.

پاشان، ڕەوایی بۆ کۆنگرەی پێنجەم و ناو و درووشم و هێمای كۆنگرە وەرگیرا.

دواتر، ڕاپۆرتی سیاسیی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی خوێندکاران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٤، پێشکەش کرا.

ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکاران لەم دانیشتنەدا، تێبینییەکانی خۆیان لەسەر ڕاپۆرتی سیاسیی ئامادەکراوی بەڕێوەبەریی پێشووی یەکیەتیی خوێندکاران دەربڕی و دانیشتنی دووهەمیان پڕناوەرۆک و دەوڵەمەندتر کرد.

ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە و لە درێژەی ڕەوتی کاری کۆنگرەی ڕاسان، کاتژمێر ٢ی ئێوارە، جەلەسەی سێهەم لە درێژەی دانیشتنی دووهەمدا و بە پێشکەش‌کردن و وەرگرتنی ڕا و تێبینیی ئەندامانی کۆنگرە لەسەر ڕاپۆرتی سیاسیك درێژەی کێشا.

ڕاپۆرتی سیاسیی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی خوێندکاران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چوار، پاش وەرگرتنی ڕەخنە و تێبینییەکانی ئەندامانی کۆنگرە، خرایە بەر دەنگدان و پەسند کرا.

کۆتا دانیشتنی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەی ٥ ی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات، کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی شەو دەستی پێکرد.

ئەم دانیشتنە بۆ پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی کار و چالاکیی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٤ی یەکیەتیی خوێندکاران تەرخان کرابوو.

پاش خوێندنەوەی ڕاپۆرتی کار و چالاکیی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران، ئەندامانی کۆنگرە بە تێر و تەسەلی لەسەر ئەم بەشە باس و قسەیان کرد و پاش وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئەندامانی کۆنگرە، ئەو ڕاپۆرتە خرایە بەر دەنگی ئەندامانی کۆنگرە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆنگرەی ٥ ی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران‏‏‏دا، ڕۆژی هەینی، واتە ڕۆژی دووهەم و کۆتایی کۆنگرە، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، کاتژمێر ٩ی بەیانی، کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران، بەفەرمی بەرنامەی کاریی خۆی دەست پێکرد و لە ماوەی دوو ڕۆژی کاری‏دا، کۆنگرە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.

لە دانیشتنی پێنجەم و شەشەمی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی خوێندکاران لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات (ئورووپا و ئامریکا) پێشکەش کرا.

لە درێژەی بەرنامەی کاریی کۆنگرەدا، کاروچالاکیی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە وردی باسی لێوەکرا و پاشان لەلایەن کۆنگرەوە دەنگی بۆ وەرگیرا.

دانیشتنی حەوتەم و هەشتەم و نۆهەم

دانیشتنی حەوتەم تا نۆهەمی کۆنگرە‌ی یەکیەتیی خوێندکاران، کۆنگرەی ڕاسان، بۆ پێداچوونە بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەرخان کرابوو.

لەم بەشە لە کۆنگرەکەدا، پاش خوێندنەوەی بەش بە بەشی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی پێشنیارکراوی کۆمیتەی بەڕیوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٤ بۆ کۆنگرەی ٥ و وەرگرتنی ڕا و تێبینیی ئەندامانی کۆنگرە و گونجاندنی بۆچوونەکان و خستنە بەر دەنگدانیان، بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی ٥ ئامادە کرا.

دانیشتنی دەیەم

لە دانیشتنی دەیەمدا(دانیشتنی کۆتایی کۆنگرەی ٥ی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، ٧ کەس وەکوو ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەسڵی و ٥ کەسی دیکەش وەکوو ئەندامی جێگری بەڕێوەبەری هەڵبژێردران.

پاشان دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەم، یەکەم دانیشتنی خۆیان لە ساڵونی کۆنگرە بەڕێوەبرد و کاروان شەرەفی، بە هەڵبژاردن لە دەستەی بەڕێوەبەری‏دا، وەکوو سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەڵبژێردرا.

کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوای دوو ڕۆژ کاری بەردەوام بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.